ئێران پێشنیازێکی ئەوروپا لەبارەی رێککەوتننامەی ناوکی رەت دەکاتەوە
کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنیازێکی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی رێککەوتننامەی ناوکی، رەت دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، کاتەکە بۆ کۆبوونەوەی نافەرمیی وڵاتانی 1+4 بە بەشداریی نوێنەری ئەمریکا، کە جۆزێڤ بۆریل، رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازی کردبوو، گونجاو نییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، بەهۆی هەڵوێست و رێکارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی رێککەوتنی ناوکی، بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەیان رەت کردووەتەوە.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
