جۆ بایدن: من فه‌رمانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێرم دا

جۆ بایدن: من فه‌رمانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێرم دا


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاشكرای ده‌كا، هێرشەکەی سەر ئەلبو کەمال لە سوریا لە وەڵامی ئەو هێرشە بوو كرایه‌ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ هه‌ولێر و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی عێراق و به‌ فه‌رمانی خۆی وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ دراوه‌ته‌وه‌‌.

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ په‌یامێكدا بە ئەندامانی کۆنگرێسی وڵاته‌كه‌ی ڕاگەیاندووە، کە هێرشەکەی سوپای ئەمریکا مافی خۆیان بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی سەر سەربازە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە.

جۆ بایدن لە نامەکەیدا نووسیویەتی: “لە وەڵامدا، من فەرمانی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەم دەرکرد بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاوپەیمانەکانمان لە بەرامبەر ئەم هێرشانە و هێرشی هاوشێوە لە داهاتوودا.”

سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، کە ئەو وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار هێناوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دژ بە هەر مەترسییەک کە لە لایەن هێزە میلیشیاکان و نافەرمییەکان لەسەریان دروست دەبێت.

بۆ دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی کۆنگرێس بۆ ئەم هەنگاوەی، بایدن ڕای گەیاندووە کە ڕاپۆرتەکەی لەبارەی هێرشەکەی سەر میلیشیاكانی سه‌ر به‌ر ئێران لە سوریا ورده‌كاریی زیاتر له‌ خۆ ده‌گرێت و بۆ کۆنگرێسی ڕەوانە دەکات.






باسنیوز
Top