تیکتۆک بە 92 ملیۆن دۆلار کۆتایی بە سکاڵاکانی دژی دەهێنێت
ئیدارەی ترەمپ 21 سکاڵای دژ بە کۆمپانیای بایتدانس و بەرنامەکەی، تیکتۆک، بەرزکردبووەوە و بە دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی خەڵک و کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی لەبارەی ئەمریکییەکان، تۆمەتباری کردبوو.
پارێزەرانی ئەمریکی لە سکاڵاکەیان دژ بە تیکتۆک نووسیبوویان، بەرنامەی تیکتۆک دزە دەکاتە نێو تەلەفۆنی گەڕۆک و ئامێرەکانی بەکارهێنەرانی و زانیاریی نهێنی تایبەتیان دەدزێت تاوەکو لەو رێگەیەوە رێکلامی تایبەتیان بۆ بنێرێت و سوودی دارایی گەورەیان لێبکات. جگە لەوە تیکتۆکیان بە ناردنی زانیارییە تایبەتەکان بۆ کۆمپانیای بایتدانس لە چین تۆمەتبارکردبوو.
پارێزەرانی کۆمپانیا چینییەکە داوایەکیان بۆ دادگەی ویلایەتی ئیلینۆی بەرزکردەوە و تێیدا داوای رەزامەندییان لەسەر رێککەوتنی سازشکردنەکەیان کرد کە تێیدا تیکتۆک بە گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ شەفافیەت لەئاست کۆکردنەوەی زانیارییەکانی خەڵک و راهێنانکردن بە کارمەندان، دەگرێتەبەر.
بڕیارە بە گوێرەی رێککەوتنی سازشەکە، بایتدانس بڕی 92 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بداتە حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا و لە بریدا سەرجەم سکاڵاکان دادەخرێن و کۆتاییان پێدەهێندرێت.
rudaw -
