ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی: دەرچوونە ئاسمانییەكانمان تەنھا بە رەزامەندی بەغدا ئەنجامدەدرێن

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی: دەرچوونە ئاسمانییەكانمان تەنھا بە رەزامەندی بەغدا ئەنجامدەدرێن
جێگری فەرماندەی گشتی ھێزی ئەركە ھاوبەشەكان بۆ كاروباری ستراتیجی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لیوا کەڤن کۆپسی، ئەمڕۆ شەممە جەختیكردەوە، تیرۆریستانی داعش گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتاییان. روونیشیكردەوە دەرچوونە ئاسمانییەكانیان بەڕەزامەندی حكومەتی عێراق نەبێت ناكرێن.

کۆپسی گوتی: "ھێزەكانی عێراقی توانییان داعش ھەڵوەشێننەوە و ژمارەیەكی زۆریان لە سەركردەی تیرۆریستەكانی داعشی كوشتووه‌ و ده‌ستگیركردووه‌، روونیشیكردەوە، ھاوپەیمانان و ھێزەكانی عێراق كاردەكەن لە پێناو ھەڵوەشاندنەوەی تۆڕی دارایی داعش".

سەبارەت بە ھێرشە مووشەكییەكان ئاماژەیكرد، "ئەو ھێرشانە ھەڕەشەن لەسەر عێراق و حكومەت و ھێزە ئەمنییەكان چارەسەری ئەو ھێرشانە دەكەن، كە لە لایەن گروپە چەكدارەكانەوە ئەنجامدەدرێن". جەختیشیكردەوە لەسەر پابەندبوونی ھاوپەیمانان "بە پشتیوانیكردنی ھێزەكانی عێراقی لە رووبەڕووبوونەوەی ھێرشە مووشەكییەكانی دژ بە نێردە بیانییه‌كان".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "ئەو دەرچوونە ئاسمانییانەی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانی ئەنجامیدەدەن تەنھا بە رەزامەندی عێراق دەكرێن، ھەروەھا تەنھا وابەستە نییە بە ھاوپەیمانان، بەڵكو زۆر ئەرك ھەیە فڕۆكەكانی عێراقی و فڕۆكەوانی سوپا ئەنجامی دەدەن". ئاماژەشی بە "توانای ھێزە عێراقییه‌كان كرد لە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بەرفراوانەكان بەبێ پەنابردنە بەر گورزە ئاسمانییەكان.

کۆپسی جەختیكردەوە، "ھێزەكانی عێراق پێویستییان بە مەشق نییە، چونكە گەیشتوونەتە ئاستێكی پیشەییانەی باش".

سەبارەت بەو ھێرشانەی ده‌كرێنه‌ سه‌ر كاروانە سه‌ربازییه‌كان گوتی: "زۆربەی ئەو ھێرشانەی دەكرێنە سەر كاروانەكان ئەو پێداویستیانە دەكەنە ئامانج، كه‌ پێشكەش بە ھێزەكانی عێراق ده‌كرێن نەك ھی ھاوپەیمانان". گوتیشی: "ئەو كردەوانە دژ بە كاروانەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكرێن ئەمنی عێراق و ژیانی خەڵكی سیڤیل دەكەنە ئامانج".

سەرچاوە: "السومریة"
k24 -
Top