لەوڵاتێکی ئەفریقا زیاتر لە 350 کچ دەڕفێنرێن
بڕیاری داخستنی سەرجەم قوتابخانە و دواناوەندییەکانمان لە هەرێمی زامفارا داوە
بێلۆ محەممەد، پارێزگاری هەرێمی زامفارا داوای لە خەڵک کرد هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکەن لە پێدانی زانیاری سەبارەت بە هەر جوڵەیەکی گومانلێکراو کە دەیبینن. وتیشی "لەگەڵ بەهێزترکردنی رێکارە ئەمنییەکانداین، بڕیاری داخستنی سەرجەم قوتابخانە و دواناوەندییەکانمان لە هەرێمی زامفارا داوە."
بەشێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە جلوبەرگی فەرمی هێزە ئەمنییەکانیان لەبەردابوە
بەوتەی شایەتحاڵان، بەشێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە جلوبەرگی فەرمی هێزە ئەمنییەکانیان لەبەردابوە، بەڵام کەس نازانێت سەر بە چ گروپێکن.
لەکۆی 422 قوتابی، تەنیا 55 یان گەڕاونەتەوە ماڵەوە و زیاتر لە 350 یان بە ئۆتۆمبیل رفێندراون.
مەحمود ئینیوا، پاسەوانی قوتابخانەکە بوە، دەڵێت، "کاتێك کە هەوڵماندا بچینە دەرەوە، بینیمان شوێنەکە پڕبوە لە چەکدار، بەشێکیان جلوبەرگی فەرمیی هێزە ئەمنییەکانیان لەبەردابو، کاتێك کە تەقەمانکرد بە توندی تەقەیان لێکردینەوە، بەڵام دواجار ئەوان کشانەوە. ئێمە وامانزانی تێکشکان و هەمو شتێك کۆتاییهات و بەئێمەیان وت بڕۆنەوە ماڵەوە، دواتر بیستمان کە قوتابییەکانیان رفاندون".
ئەوە نوێترین رفاندنی کچە قوتابییەکانە لە باکوری نایجیریا، لەدوای زنجیرەیەک لە هێرشی سەر قوتابخانەکان و رفاندنی کچان کە زۆربەی کات رفێندەرەکان لەبری ئازادکردنیان، داوای پارە دەکەن.
لە مانگی کانونی یەکەمی رابردودا، لەهەمان هەرێم ، 344 کچە قوتابی لەدوای یەک هەفتە لە رفاندنیان بە پارەی حکومەتی نایجیریا ئازادکران.
زۆرجاریش گروپی چەکداری بۆکوحەرام کە گروپێکی ئیسلامییە، هێرشی لەوجۆرە ئەنجامدەدات، بەڵام هێرشەکانی بۆکوحەرام لە باکوری رۆژهەڵاتی نایجیریان کە شوێنی دامەزراندنی گروپە چەکدارەکەیە. هێرشەکانی باکوری رۆژئاواش زیاتر لەلایەن باندەکانی تاوان و گروپە رفێندەرەکانەوە، ئەنجامدەدرێن.
خەندان
