ئاكەپە لە كۆنگرەی حەوتەمیدا بڕیار لەبارەی گۆڕینی كابینەی حکوومەت دەدات
بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا، لە كۆبوونەوە نهێنییەكانی ناو AKPدا باس لەوە كراوە لە كۆنگرەدا ٥٠٪ ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەند گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان كە گومانی تێدا نییە دەبێتەوە سەرۆكی AKP و بڕیار دەدات كابینەی حكوومەت بگۆڕێت، بەڵام گۆڕینەكە هەموو كابینەکە نییە، بەڵكوو چەند وەزارەتێكی گرنگی وەكوو دارایی و وزە و داد و پشەسازییە.
ئاژانسی (سپوتنیك) لەمبارەوە باسی لە هێنانەوەی بەرات ئالبەیراك دەكات، كە دوو مانگ بەر لە ئێستا وازی لە پۆستی وەزیری دارایی هێنابوو، وا بڕیارە ئەردۆغان لە كۆنگرە ئاشتی بكاتەوە و دەیكاتە وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكان.
هەروەها عومەر چەلیك كە ئێستا گوتەبێژی AKP یە، لە كابینەدا وەزارەتێكی پێ دەدرێت، بەڵام جارێ نازانرێت كام وەزارەتە.
بیناڵی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی پێشوو و سەرۆك پەرلەمانی پێشووی توركیا، دوای ئەوەی بەرانبەر بە ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩ی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ شكستی هێنا، لە كۆنگرەی AKPدا بڕیار دەدرێت ببێتە جێگری سەركۆماری توركیا، یاخود لەناو پەرلەمانی توركیا دەبێتە سەرۆكی فراكسیۆنی AKP.
باسنیوز
