ئێران وەڵامی بۆردومانکردنی گرووپەکانی لە سووریا دەداتەوە

ئێران وەڵامی بۆردومانکردنی گرووپەکانی لە سووریا دەداتەوە


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە لێدوانێک، وەڵامی بۆردومانکردنی گرووپەکانیان لە سووریا، دەداتەوە.

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، بۆردومانەکە پێشێڵکردنی سەروەریی سووریایە و شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە توندتر دەکات و سەقامگیریش لەناوچەکە زیاتر تێک دەدات.

سەعید خەتیبزادە بۆردومانەکە بە درێژەدان بە ”دوژمنکاریی رژێمی زایۆنی“ دژی خاکی سووریا، هەژمار دەکات و رایگەیاندووە، ئەمریکا بەشێوەیەکی نایاسایی چەند ناوچەیەکی سووریای داگیر کردووە.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 26-2-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، چەند بارەگایەکی میلیشیا شیعەمەزهەبەکانی نزیک لە ئێرانیان لەناو خاکی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراق، بۆردومان کرد.

دواى هێرشه‌كه‌، ڵۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئه‌مریكا رای گەیاند، بۆردومانه‌كان وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ گرووپە چەکدارە شیعەکان،‌ كه‌ له‌ شەوی 15ی ئه‌م مانگه‌دا هێرشی مووشه‌كییان كرده‌ سه‌ر شاری هەولێر، كه‌ له‌ ئەنجامدا بەڵێندەرێکی سڤیل كوژرا و چه‌ند سەربازێکی ئه‌مریكی و هاوپەیمانان بریندار بوون.








باسنيوز
Top