نەتەنیاهوو: رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەڵەیەکی گەورەیە

نەتەنیاهوو: رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەڵەیەکی گەورەیە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە کە رێککەوتن لەگەڵ ئێران "هەڵەیەکی گەورەیە" و تەنیا سزا و گەمارۆی قورس رێگەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئێران دەگرێت.

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "هەڕەشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەردەوامدەبن.. ئاسایشی ئیسرائیل نادەینە دەست کەسانی دیکەوە".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، رۆژی 25ـی شوبات رایگەیاند، ئەوان ئامادەنین پشت بە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ببەستن و دەڵێت "هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ ئەوەی رێگری لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکەین، جا بە رێککەوتن بێت یان بێ رێککەوتن."

هاوکات نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، 25ـی شوبات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن رێگە بەوە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی دروستبکات و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ سەر پابەندبوونی تەواوەتیی بە رێککەوتنی ئەتۆمی.

چەند کاژێرێک پێش ئەوە، یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانیی خۆی لە بارەی بڕیاری ئێران بۆ کەمکردنەوەی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەسەر بنکە ئەتۆمییەکانیەوە، راگەیاند.

یەکێتی ئەوروپا پێیوایە، نەبوونی چاودێری بەسەر بنکە ئەتۆمییەکانیدا، گومان دەخاتە سەر ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لەکاتێکدا کە پێشتر تاران بەردەوام گوتوویەتی ئامانجی لەو بەرنامەیە بریتیە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات.

دوای کوژرانی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران لە کۆتایی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ئێران بڕیاریدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکەی ئەتۆمی فۆردو بۆ 20% بەرزبکاتەوە. کۆتایی مانگی رابردوو، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند 17 کیلۆگرامیان لەو یۆرانیۆمە بەرهەمهێناوە، کە رێژەی بەپیتییەکەی 20%ـە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دوای ئەوە، هۆشداری دا کە ئێران یەک هەنگاوی تەکنیکی دوورە لە گەیشتن بە یۆرانیۆمی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کە دروستکردنی یەک بۆمبی ئەتۆمی پێویستی بە لانیکەم 15 کیلۆگرام لەو یۆرانیۆمە هەیە کە رێژەی پیتاندنەکەی کەمتر نەبێت لە 90%.

رۆژی سێشەممە، 22ی شوبات، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران رایگەیاند ئەوان هەرگیز بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نەبوون، بەڵام ئەگەر بیانەوێت، کەس ناتوانێت رێیان لێ بگرێت. رابەری باڵای ئێران هەروەها گوتی، ئەوان رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی 20% ناهێڵنەوە و ئەگەر پێویستبکات دەیگەیێننە 60%.

ئێران لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، لە ساڵی 2019ـەوە قۆناخ بە قۆناخ پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکەوە کەمکردەوە. ئێستاش تاران بڕیاریداوە کە چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی لەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات و پشکنینەکانیشی کەمبکاتەوە، کە ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی ئاژانسەکە و بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنساش.

تاران داوا دەکات واشنتن سزاکانی لەسەر لاببات بۆ ئەوەی ئێرانیش بە تەواوی پابەندی رێککەوتنەکە بێت، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، پێویستە هەنگاوی یەکەم لە لایەن ئێرانەوە بنرێت.
rudaw -
Top