ئەمریكا رێز لە پاڵەوانانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەگرێت و عێراقیەكیشی تێدایە
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا براوەکانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی پاڵەوانانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی راگەیاند كە سەرنجی لەسەر ئەوانەیە هەوڵی زۆریانداوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە: "گەندەڵی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتان دەكات، ئاستەنگ لە بەردەم گەشەی ئابووری دروستدەكات، دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ لاوازدەكات، متمانە بە كەرتی گشتی ناهێڵێت و رێگەكانی تاوانكاری لە سنوورەكان ئاسان دەكات."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا: "لە دوو ساڵی رابردوودا ئەمریكا توانیویەتی هاوكار بێت لە گەڕاندنەوەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار لە داهاتی گشتیی دزراو".
زوحا محەممەد ئەو ژنە عێراقییەیە كە ئەمریكا رێزی لێگرت؛ زوحا بەڕێوەبەری گشتیی دراوە ئەلیکترۆنییەکانە لە بانكی ناوەندیی عێراق، توانیویەتی لە ماوەی كاری خۆیدا سەرپەرشتی دەستپێشخەرییەكی گرنگ بكات بۆ دروستكردنى كارتی دڵنیایی لەسەر ئاستی عێراق كە دان و حەواڵەكردنی مووچە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی ئاسان دەكات.
هەروەها ئەو سیستەمە چارەسەرێكی گرنگی لە پڕۆسەی وردبینیكردنی ژمێریاری فەراهەمكردووە، بۆ خاوێنکردنەوەی لیستی مووچە و ئاشكراكردنی ئەوانەی مووچەیان بۆ خەرجدەكرێت و فەرمانبەری حكومەتیش نین.
زوحا محەممەد لەو بارەیەوە دەڵێت، "دەبێ بۆ فەرمانگەكەم و هەموو خەڵكی بسەلمێنم كە بەرپرسیارێتی تەنیا پۆست نییە، بەڵكو بەدیهێنانی سەركەوتن و سەرپەرشتیكردنی پرۆژەكانە بەشێوەیەكی دروست."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پیرۆزبایی لە زوحا محەممەد کرد بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەکو کەسێک کە شەڕی دژی گەندەڵی کردووە لە عێراق، هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا کارەکانی زوحای لە بواری بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانی لە بانکی ناوەندی بەرز نرخاند.
زوحا عەبدولكەریم محەممەد عەتا
ـ دەرچووی كۆلێژی كارگێڕی و ئابوورییە لە زانكۆی بەغدا، بەشی ئامار لە ساڵی 1991
ـ دوای تەواوكردنی كۆلێژ لە بانكی ناوەندی دامەزراوە
ـ ئێستا بەرێوەبەری گشتییە
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لەلایەن ئەمریکاوە رێزی لێگیراوە بریتییە لە مستەفا سنعەڵڵا كە خەڵكی لبیایە، مستەفا لە ساڵی 2014 ەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕی دامەزراوەی نیشتمانی نەوتی لیبیایە، توانیویەتی پەیكەری دامەزراوەی نیشتمانی نەوت رێكبخاتەوە و پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە، دوای چەندین مانگ لە وەستانی بەهۆی ململانێكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكان.
هەروەها لیستی رێزلێنانی ئەمریكا هەریەك لە ئەردیان دفورتانی لە ئەلبانیا، دیانا سالازار لە ئیکوادۆر، خوان فرانسیسكۆ ساندوفال ئالفارۆ لە گواتیمالا، ئیبراهیم خلیلخ غوی لە كینیا، ئەنجالی بهاردواج لە هیندستان، بولوت تیمیروف لە قیرغیزستان، فیكتۆر سوتو لە فیلبین، فرانسیس بن كیفالا لە سیرالیون و رسلان ریابوشابكا لە ئۆكرانیا لەخۆدەگرێت.
rudaw -
