بایدن بڕیارێکی دیکەی ئیدارەی ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە

بایدن بڕیارێکی دیکەی ئیدارەی ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە
سێ ساڵ پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ کشایەوە، ئەمڕۆ ئیدارەی بایدن داوای گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنەکە کرد.

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی بە "دامەزراوەیەکی دووڕوو و خۆپەرست" ناوبرد، بە دژایەتیکردنی ئیسرائیل تۆمەتباری کردن بۆیە لێی کشایەوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆنلاین لەگەڵ ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "ئەمریکا دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤی خستووەتە چەقی سیاسەتی دەرەوەمان، چونکە ئەم فاکتەرانە بنچینەی ئاشتی و سەقامگیرین." هەروەها دەشڵێت: "بە شانازییەوە داوا لە هەموو ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەم پاڵپشتیمان بکەن بۆ ئەوەی کورسییەک لە ئەنجوومەنەکە وەربگرینەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی قسەکانیدا دانی بەوەنا کە ئەمریکا بێکەموکوڕ نییە، بەڵام رۆژانە هەوڵی خۆ باشکردن دەدات، خۆی بە بەرپرسیار بزانێت، ببێتە یەکەیەکی بێ کێشەتر، هەروەها هەر پەیمانێک بۆ شەڕکردن لەپێناو مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان دەبێت سەرەتا بە شەڕ لەپێناو مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتی خۆت دەستپێبکات.

ترەمپ لە هەریەک لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس، رێککەوتنی ئەتۆمی، رێکخراوی تەندروستیی جیهان و یونسکۆش کشایەوە، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وڵاتەکەی گەڕاندەوە WHO و کەشوهەوای پاریس، ئێستاش هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەدات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی هەینی 19-2-2021 بە فەرمی پەیوەندی کردەوە بە رێککەوتنی پاریسی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا، کە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا لێی کشابووەوە.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتنەکە، ئێوارەی رۆژی هەینی، جۆن کێری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پرسی گۆڕانی کەش و هەوا بەشداری لە ئیڤێنتێکی ئۆنلاین دەکات، کە نوێنەرانی بەریتانیا، ئیتاڵیا و سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانیش بەشداری تێدا دەکەن.

رێککەوتنی پاریس لە 2015 لەنێو سەرکردەکانی جیهاندا کرا و 195 وڵات واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە حوزەیرانی 2017 لە رێککەوتنەکە کشایەوە و راگەیاند ئەو رێککەوتنە زیان بە ئابووریی ئەمریکا دەگەیێنێت و دژی پێشکەوتنەکانی ئەمریکایە.
rudaw -
Top