بەهۆی شەڕی حوسییەکانەوە لە ماوەی دوو هەفتەدا هەشت هەزار کەس ئاوارە بوون
بەهۆی شەڕی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەنەوە، هەشت هەزار کەس لە ماوەی دوو هەفتەدا ئاوارە بوون.
رێکخراوی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دوو هەفتەیە شەڕی میلیشیای حوسییەکان و هێزە حکوومییەکان لە پارێزگای مەئرەب دەستی پێکردووەتەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاندووە، بەهۆی شەڕەکەوە، لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا، هەشت هەزار کەس ئاوارە بوون و بەمەش ژمارەی ئاوارەکان لە پارێزگای مەئرەب لە یەمەن، کە بەهۆی شەڕی حوسییەکانەوە ئاوارەبوون، گەیشتووەتە زیاتر لە 116 هەزار کەس.
ئەو رێکخراوە هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێ لەو ناوچەیە، 385 هەزار کەسی دیکەش ئاوارە دەبن.
حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعە مەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.
باسنیوز
