ناسا لەسەر مەریخ سوپاسی پزیشکانی جیهان دەکات

ناسا لەسەر مەریخ سوپاسی پزیشکانی جیهان دەکات
ئاژانسی ناسا لە رێگەی گەڕۆکی پێرسیڤیرانسەوە سوپاسی پزیشک و كارمەندانی تەندروستی دەکات.

وەك وەفایەك بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی پزیشک و كارمەندانی كەرتی تەندروستی لە جیهاندا لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و چارەسەركردنی تووشبووان لە ساڵی 2020ـدا، پسپۆڕانی "تاقیگەی پاڵنانی خێرا" (Jet Propulsion Laboratory) تابلۆیەکی رێزلێنان لە رێگەی گەڕۆكی پێرسیڤیرانسەوە چەقاند كە پانییەكەی 8 سانتیمەتر و درێژییەكەی 13 سانتیمەترە و هێمای "مار"ی لەسەرە كە لە كەرتی تەندروستیدا وەك هێمایەک بۆ گوتەی "هەموو دەردێك دەرمانی هەیە" بە کار دەهێنرێت.

مات والاس، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەڕۆكی پێرسیڤیرانس رایگەیاند: "هیوا دەخوازین ئەو نەوانەی لە داهاتوودا لەسەر رووی مەریخدا دەنیشنەوە و دەگەنە ئەو هەسارەیە رێز و پێزانینیان بۆ كۆشش و قوربانییەكانی تەواوی كارمەندانی كەرتی تەندروستی لە ساڵی 2020ـدا هەبێت."

رۆبۆتی پێرسیڤیرانس حەوت مانگ لەمەوبەر لە زەوییەوە رەوانەی مەریخ کرا و، دواجار رۆژی شەممە 2021/02/20 لەسەر هەسارەکە نیشتەوە.

ئاژانسی ناسا تاوەکو ئێستا دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە بۆ ناردنی رۆبۆت و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ئەگەری ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە و لەسەر مەریخ بەدوای شوێنەواری ژیاندا دەگەڕێت.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە ئاژانسەکە پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستیی لە یاد نەکردووە و ویستی لەسەر هەسارەی مەریخەوە سوپاسیان بکات.
k24 -
Top