21 پەرلەمانتاری سوێد داوادەکەن لە تورکیا زمانی کوردی ببێتە فەرمی

21 پەرلەمانتاری سوێد داوادەکەن لە تورکیا زمانی کوردی ببێتە فەرمی
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوێد بۆ رۆژی 21ـی شوبات کە رۆژی جیهانیی زمانی دایکە هەڵمەتێکی سازکرد و 21 پەرلەمانتاری سوێد پشتیوانی لەوە دەکەن کە لە تورکیا زمانی کوردی ببێتە فەرمی.

کۆڤان ئەحمەدی، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوێد لەبارەی ئەو پرسەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "لە هەڵمەتەکەماندا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی دەکەین. زمانی کوردی لەنێو خێزانە کوردەکان، لە بازاڕ و کۆڵاناندا وەک پێشوو بەکارنایەت، بەتایبەتی لەنێو نەوەی نوێی کورداندا زۆر بە کەمی بەکاردێت."

بۆ پاراستن و مسۆگەرکردنی هەبوونی زمانی کوردی، دەبێت وەک زمانێکی فەرمی بناسێنرێت و ببێتە زمانی پەروەردەیی. جا بۆ ئەوەی لە باکووری کوردستان زمانی کوردی ببێتە زمانێکی پەروەردەیی، لەم چەند ساڵەی دواییدا بۆ بەدەستهێنانی مافی پەروەردەیی و بەکارهێنانی زمانی کوردی چەندان سەکۆ دامەزرێنراون. فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوێد پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە بۆ زمانی کوردی دەدرێن.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەوان سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکەن کە بە واژۆکانیان پشتگیریی زمانی کوردییان کردووە.

ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی سوێد کە واژۆیان کردووە ئەمانەن:

عەلی رەزا ئاخۆند، لە پارتی سێنتەر
ماتس بێرگلوند، لە پارتی ژینگە
گودرون برونێگارد، لە پارتی دیموکراتی کریستیان
گوڵان ئاڤجی، لە پارتی لیبراڵ
یۆوار فۆرسێڵ، لە پارتی لیبراڵ
فرێدریک ماڵم، لە پارتی لیبراڵ
رۆزا گوجلوو هەدین، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
یۆهانا هاراڵدسۆن، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
نیکلاس کارلسۆن، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
سەرکان کۆسە، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
لەیلا نەراقی، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
لێیف نیسمێدس، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
ئۆلا مۆلێر، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
لاوێن رێدار، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
ماریا سترۆمکڤیست، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
گونیلا سڤانترۆپ، پارتی سۆسیال دیموکرات
ماتیاس ڤێپسا، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
ئانا ڤالێنتێیم، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
هانا وێستێرێن، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
کارینا ئۆدێبرینک، لە پارتی سۆسیال دیموکرات
ئاندرێس ئۆستیربێرگ، لە پارتی سۆسیال دیموکرات

پێشتریش چەندان ناوەند و سەکۆی کوردی هەڵمەتی لەو جۆرەیان راگەیاندووە، بەڵام ئەم جارە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوێد لە هەوڵی ئەوەدایە هەڵمەتەکەیان سوێد و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و تورکیا بگرێتەوە و وەکو خۆیان دەڵێن بەردەوام دەبن تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا دەبێتە زمانێکی فەرمی.
rudaw -
Top