واشنتن: ئێمە ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ھەڕەشە دەكات
سۆلیڤان ئەمڕۆ یەكشەممە لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكایی رایگەیاند، "زۆر جار گوتوومانەتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ پابەندییەكانی بە رێككەوتنی ئەتۆمی؛ ئەگەر ئێران گەڕایەوە سەر جێبەجێكردنی مەرجەكانی رێككەوتنەكە".
سۆلیڤان گوتیشی: "بە راشكاوانە، ئێستا یەكێك لە ترسەكان ئەوەیە، ئێران پێشوەختە ھەڕەشەی وازھێنانی زیاتر لە پابەندییەكانی دەكات و ھاریكاریكردنی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمیی رەتكردەوە لەو كارەی ئەنجامیدەدات بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران بەرنامەكەی بەمەبەستی درووستكردنی چەك بەكار ناھێنێت".
گەرچی لە 18 شوبات وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن بە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیای راگەیاند، ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بەگەڕانەوەی ھەردوو وڵات بۆ پابەندییەكانی ئەتۆمی، كە لە ساڵی 2015 واژووكراوە بەمەبەستی رێگاگرتن لە حكومەتی ئێران لەدەستبەركردنی چەكی ئەتۆمی.
ھەر لەم چوارچێویەدا، ھەندێك لەبەرپرسانی ئەمەریكا رایانگەیاند، ئیدارەی بایدن بەڕێگای نامەیەكەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، راگەیاندراوەكەی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ لە ئەیلوولی 2020ی كشاندەوە لەبارەی سەپاندنەوەی تەواوی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا، ھەروەھا مەرجە سەپێنراوەكانی سەر دیپلۆماتكارانی نێردەی ئێرانی لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا سووك كرد.
سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ لەسەردەمی خۆیدا، ئێرانی تۆمەتباركرد بە پشتیوانیكردن لە تیرۆر و ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی چەكی ئەتۆمی و لە ساڵی 2018 ویلایەتە یەكگرتووەكان یەكلایەنە كشانەوەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی رایگەیاند و سزای ئابووری زۆر قورسی بەسهر تاراندا سەپاند، لە بەرامبەردا ئێران لە 2019 وەك وەڵامدانەوە بۆ ئەو خۆكشاندنەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنەكە و سەپاندنی سزاكان، دەستیكرد بە كەمكردنەوەی پابەندییەكانی لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 226 ئەندام پەرلەمانی ئێرانی، راگەیاندراوێكیان واژووكرد، تێیدا جەختیانكردەوە، پێویستە كار بە پرۆتۆكۆڵی پاشبەندی تایبەت بەرێككەوتنی ئەتۆمی لە 23ی ئەم مانگەی شوباتەوە رابگیرێت.
لە لایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جواد زەریف گوتی: "كۆتاییھێنان بەكاركردن بە پرۆتۆكۆڵی پاشبەند بە واتای پێشێلكردنی رێككەوتنەكە نییە". جەختیشیكردەوە، "دەكرێت ئێران لەو ھەنگاوانەی لە دەرەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی گرتوویەتییەبەر پاشگەز ببێتەوە".
پێشتر عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەیكردبوو، وڵاتەكەی لە 23ی ئەم مانگەی شوبات كار بە پرۆتۆكۆڵی پاشبەند رادەگرێت.
ھەرچەندە، زۆر بە فراوانی مەزندەی گەڕانەوەی ھەردوو وڵات دەكرێت بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران و ئیدارەی بایدن ناكۆكیان ھەیە لەبارەی كێ دەبێت یەكەم جار جوڵە بكات بۆ رزگاركردنی رێككەوتنەكە.
k24 -
