وەزیری دەرەوەی ئێران: وێنەی کامێرای بنکە ئەتۆمییەکان نادەین بە ئاژانسی وزەی ئەتۆم
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "ئەمە دوایین وادە نییە بۆ جیهان، ئاگادارکردنەوەش نییە، بەڵکو ئەمە پرسێکی ناوخۆیی نێوان پەرلەمان و حکومەتە. ئێمە دیموکراسیمان هەیە، پابەندین بە جێبەجێکردنی یاساکانی وڵات؛ پەرلەمان ئەو یاسایەی داناوە، جا پێمان خۆشبێت یاخود نا. بەگوێرەی یاسا ناکرێت تۆماری کامێراکان بدەینە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی. ئەمە بڕیارێکی تەکنیکییە، نەک سیاسی. من بڕیار دەرناکەم، بەڵام گومانی تێدا نییە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی وێنەی ئەو کامێرایانەی بەدەستناگات".
ئەم گوتانە لەکاتێکدان، سەردانەکەی گرۆسی بۆ ئێران تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە رێگەپێدانی ئێران بۆ پشکنەران بۆ بنکە ئەتۆمییەکان بۆئەوەی بوار بۆ دانوستاندنی نوێ سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و پابەندبوون بە خاڵەکانی رێککەوتنەکەوە بکرێتەوە، بەڵام ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، پێش ئەوەی هیچ گفتوگۆیەک لەو بارەیەوە بکرێت، پێویستە تاوەکو 23ی شوباتی ئەمساڵ، واتە تاوەکو دوو رۆژی دیکە، سزاکانی سەر بانک و نەوتی ئێران هەڵبگیرێن.
پەرلەمانی ئێران لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020 بە زۆرینەی دەنگ یاسایەکی تێپەڕاند و بەگوێرەی ئەو یاسایە، دەبێت ئێران سەردانی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، تەنانەت رێگەش نەدات کامێرا چاودێرییەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە بنکە ئەتۆمییەکان دابنرێن، تاوەکو ئەوکاتەی سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن.
ئەم مشتومڕەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی نوێی وڵاتانی ئەوروپیی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆئەوەی بگەڕێتەوە ناو رێککەوتنەکە، کە ئیدارەی پێشوو بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.
k24 -
