خودی بایدن زۆر بایەخ بە دۆسیەی عێراق دەدات و واشنتن لێكۆڵینەوە لە لابردنی بڕیارەكانی ترەمپ دەكات

خودی بایدن زۆر بایەخ بە دۆسیەی عێراق دەدات و واشنتن لێكۆڵینەوە لە لابردنی بڕیارەكانی ترەمپ دەكات
ھێرشەكی ئەم دواییەی سەر ھەولێر، پرسیارێكی ھێنایەكایەوە، ئایا ھێڵە سوورەكانی ئیدارەی ئەمەریكا لە مامەڵەكردن لەگەڵ ھێرشەكانی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق چین؟

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەو ھێرشەی سەر ھەولێری ئیدانە و سەركۆنەكرد، كە دووشەممەی رابردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێری كرد ئامانج و بووە ھۆی كوژرانی گرێبەستكارێكی بیانی و برینداربوونی 5 كەسی دیكە، ئەمە جگە لە برینداربوونی سەربازێكی ئەمەریكایی، ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەڵێنی دا "سزای ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشە بدات".

راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیۆیۆرك تایمز" گوتی: ژمارەیەك لە دیپلۆماتكاران و بەرپرسانی سەربازی گوتیان: ئامانجی ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن، كەمكردنەوەی گرژییە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران و ملیلیشیاكانی لە ناوچەكەدا، لەوانەش لە عێراقدا و گەڕانەوەی واشنتنە بۆ دیپلۆماسییەت لەگەڵ تاران.

لەم ھەفتەیەشدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا راگەیاند، ئامادەیی خۆ دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دانوستانێكی نوێ لەگەڵ تاران بۆ كپكردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.

ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمەریكا بە رۆژنامەی "نیۆیۆرك تایمز"یان راگەیاندووە، تاكو ئێستا لە پێنتاگۆن بە وردەكارییەوە گفتوگۆ نەكراوە لە سەر وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ ھێرشەكەی سەر ھەوڵێر.

راپۆرتەكە گوتیشی: ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمەریكا بەرپرسیارییەتی ھێرشە ھاوشێوەكانی پێشوو دەخەنە ئەستۆی میلیشیاكانی سەر بە ئێران وەك: كەتیبەكانی سەر بە حزبوڵڵا و عەسایب ئەھلولحەق.

بەپێی رۆژنامە ئەمەریكاییەكە، بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێین: خودی بایدن بایەخێكی زۆری بە دۆسیەی عێراق ھەیە، كە "بۆ"ی كوڕی لەوێ خزمەتی سەربازیی كردووە و لەوێ دووچاری سووتانی ژەھراوی بوو و دواتر لێی بووە شێرپەنجەی مێشك و لە ئەنجامدا لە ساڵی 2015 ژیانی لەدەست دا.

بەپێی بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، وەزیر "ئەنتۆنیۆ بلینكن" دەستیكردووە بە كاری پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئەمەریكا لە عێراق، كە رێگا بە گۆڕینی رێبازی مامەڵكردن دەدات و ئەو پێداچوونەوەیە كۆمێنتەكانی پێنتاگۆن لە خۆ دەگرێت، پێش ئەوەی لە مانگی داھاتوو پێشكەش بە كۆشكی سپی بكرێت.

ئیدارەی بایدن لێكۆڵینەوە دەكات لەگەڕاندنەوەی بە سەدان دیپلۆماتكار، سەرباز و گرێبەستكار بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئەمانەش ئەو ژمارە كەسانەن، كە لەسەردەمی ئیدارەی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ لە ئەیاری 2019 كەمكرانەوە دوای ئەوەی لەو كات ناكۆكییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران زیادیكرد.

ھەروەھا وەزارەت لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بەربەستانە دەكات؛ ئەوانەی ترەمپ بەسەر عێراقیدا سەپاندن سەبارەت بە قەبارەی ئەو وزەیەی، كە دەكرێت عێراق لە ئێرانی بكڕێت. رەخنەگران ھۆشداری لەسەری ئەم بابەتە دەدەن نەوەك ببێتە مایەی پارداركردنی ئێران بۆ كارە دەستدرێژییەكانی.

ھەروەھا رۆژنامەكە ئاماژەیكردووە، بەرپرسانی ئیدارەی بایدن رایانگەیاندووە، ئاژانسی ئەمەریكا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوە دەكات لە ناردنی ھاریكاری زیاتری مرۆڤی بۆ بەشەكانی عێراق و زۆربەی بۆ ناوچەكانی رۆژئاوا و باكوور دەبێت، كە زۆر زەرەرمەندبوونە لە رێكخراوی داعش.

لەھەمان كاتدا، بەرپرسانی پێنتاگۆن و ئەفسەرانی سوپا روونیانكردووەتەوە، ھێڵەكانی تیمی بایدن روون نییە لە بارەی پاراستنی ئەمەریكاییەكان لە عێراق لە دەستدریژییەكانی ئێران و میلیشیاكانی سەر بە ئەو.

سەرچاوە: "الحرة"
k24 -
Top