ئێران و ڕووسیا مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازییان دەست پێ کرد
هێزی دەریایی ڕووسیا دوێنێ دووشەممە ئاشکرای کردووە کە لەگەڵ ئێران مانۆڕ و مەشقێکی هاوبەشی سەربازییان لە دەریای عەمان و باکووری ڕۆژئاوای ئوقیانووسی هیند دەست پێ کردووە.
هێزی دەریایی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە ئەو مانۆڕە هاوبەش سەربازییە کە لەناو دەریاکان بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا مەشقی بەرەنگاربووەنەوەی دزە دەریاییەکان و ڕاهێنان بە تۆپهاوێژ و چەکە قورسەکان کراوە و دوێنێ دووشەممە ١٥ی ٢ی٢٠٢١ دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆ سێشەممەش بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکدا ئاماژە بەوەش دراوە: "لە مانۆڕە هاوبەشە سەربازییەکەدا مەلەوانانی ڕووسی و ئێرانی بە بەلەمەوە مەشقی پاسەوانیی کەشتییەکانیان کردووە و ئەو مەشقانە شەوی رابردووش بەردەوام بووە".
هاوکات میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش لەزاری فەرماندە سەربازییەکانەوە ئەو هەوالەیان رووماڵ کردووە و لەزاری غوڵامڕەزا تەحانی گوتەبێژی ئەو مانۆڕە هاوبەشە سەربازییەوە بڵاویان کردووەتەوە کە مانۆڕەکە بە بەشداریی چەند یەکەیەکی هێزی دەریایی سوپای ئێران و چەند یەکەیەکی دیکەی سوپای پاسداران و یەکە دەریاییەکانی هێزی دەریایی ڕووسیا بە پانایی ١٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە دەریایی عەمان و باکووری ئوقیانووسی هیند لە دوو ڕۆژدا بەڕێوە دەچێت.
باسنيوز
