وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك گه‌یشتنه لێكتێگه‌یشتن
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا هاتووه، چاویش ئۆغلۆ وێڕای پیرۆزباییكردن له بلینكن له پۆسته نوییهكهیدا وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی توركیای بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌یه‌كتر له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا نیشاندا.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوو وه‌زیره‌كه تایبه‌ت بوو به په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ر و واشنتن، وێرای گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی هه‌رێمی وه‌ك: پرسی سووریا، رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، كڕینی سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس-400ی رووسی له‌لایه‌ن توركیاوه و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، له‌ناویشیان (رێكخراوی گوله‌ن، په‌كه‌كه و یه‌په‌گه).
هه‌روه‌ك چاویش ئۆغلۆ نیگه‌رانی توركیای له‌باره‌ی دوایین به‌یاننامه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) كه به "هێرشێكی تیرۆریستی" له دژی هاووڵاتییانی تورك له باكووری عێراق (ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان) ناویبرد، به ئه‌نتۆنی بلینكن راگه‌یاند.
وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا هاتووه، هه‌ریه‌ك له چاویش ئۆغلۆ و بلینكن له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن، كه له رۆژانی داهاتوودا به وردی گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه بكه‌ن.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر له‌باره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه له‌گه‌ڵ هاوتا توركه‌كه‌ی رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ گفتوگۆمان له‌باره‌ی گرنگیی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا كرد و جه‌ختی كرده‌وه، به‌رده‌وام چاودێری دۆخی سووریا و هه‌وڵه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و گرژییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌كه‌م.
k24 -
