چین بووەتە یەکەمین هاوبەشی بازرگانیی ئەوروپا
بەپێی داتای ئاژانسی ئەوروپی بۆ ئامار، لە ساڵی رابردوودا چین بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا توانیویەتی ببێتە گەورەترین لایەنی بازرگانیی ئەوروپا و لەو ساڵەدا قەبارەی بارزگانیی نێوان چین و بلۆکی ئەوروپا گەیشتووتە 586 ملیار دۆلار، بەوەش پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتووە کە قەبارەی بازرگانییەکەی لەگەڵ ئەوروپادا 555 ملیار دۆلار بووە.
ئەو پەیمانگە ئەورپییە دەشڵێت، هۆکاری پێشکەوتنی چین لە ئاڵوگۆرە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەوروپادا بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە بووە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە زۆر بە خێرایی بووژاوەتەوە و لەچاو ئەمریکادا کاریگەرییەکانی کۆرۆنای کەمتر لەسەر بووە.
بەپێی ئەو داتایانە، لە ساڵی 2020ـدا رێژەی هاوەردەی ئەوروپی لە چینەوە 5.6٪ لە چاو ساڵی 2019دا زیادی کردووە، هەروەها قەبارەی هەناردەکردنی ئەوروپی بۆ چین 2.2٪ زیادی کردووە.
لەبارەی دابەزینی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیشەوە لەگەڵ ئەمریکا، داتاکان نیشانی دەدەن کە قەبارەی هاوردەی ئەورپا لە ئەمریکاوە لە 2020ـدا بە رێژەی 8.2٪ لە چاو ساڵی 2019دا دابەزیوە. هاوکات قەبارەی هەناردەی ئەوروپی بۆ ئەمریکایش %13.2 دابەزیوە.
بەشی زۆری ئەو کاڵایەنەی چین کە بۆ ئەوروپا نێردراون زیاتر کەرەستەی پزیشکی و بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان بوون.
ئەوروپایش بە گشتی قەبارەی بازرگانیی لەگەڵ جیهاندا لە چاو 2019دا زیادی کردووە و لە ساڵی 2020ـدا قەبارەی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا گەیشتووەتە 217 ملیار یۆرۆ.
rudaw -
