سووریا... نۆ چەکداری میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە بۆردوومانێكی ئیسرائیلدا کوژران
روانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەمە رایگەیاند چەندین مۆڵگەی سوپای سووریا بوونەتە ئامانجی بۆردوومانی ئیسرائیلی، لەناویاندا بارەگاکانی چەک و جبەخانە و مووشەکە ئێرانییەکان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
بەگوێرەی (فرانس پرێس)، روانگەکە نەیتوانیوە ناسنامەی کوژراوان بە تەواوی ئاشکرا بکات، کە هەموویان بە بۆردوومانەکە کوژراون.
پێشتر روانگەی سووری کوژرانی شەش چەکداری میلیشیاکانی ئێرانی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل راگەیاندبوو، کاتێ پێگەکانی فرقەی چواری سوپای سووریای لە چیایەکی نزیک ئەو رێگا خێرایەی دیمەشق بە بەیرووت ئەبەستێتەوە، بۆردومان کردبوو.
لای خۆیەوە (ئەسۆشێتد پریس) ئاشکرای کردووە، کە پێگەیەکی دیکەی سوپای سووریا لە شاری کسوە لە باشووری دیمەشق کراوەتە ئامانجی بۆردوومانەکان.
روانگەی سووری گوتیشی، لەو شەش کوژراوانەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، چواریان لە رێگای خێرای نێوان دیمەشق- بەیرووت و دووەکەی تریان لە کسوە بوون. ئاماژەشی بۆ بەرکەوتنی جبەخانەکانی ئەو دوو ناوچەیە کردبوو.
سوپای سووریا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند هێزە بەرگرییەکانی لە ئاسمانی دیمەشقی پایتەختدا رووبەڕووی هێرشێکی ئیسرائیل بوونەتەوە، بەڵام راگەیاندنە فەرمییەکانی سووریا هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو بۆردومانەی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل باس نەکردووە.
راگەیاندراوەکەی سوپای سووریا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلانییان لە دەوروبەری دیمەشق بۆردومان کردووە، بەڵام هێزی بەرگریییان توانیویانە مووشەکەکان تێک بشکێنن. بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەو بۆردومانە بکات.
بەڵام سەربازێکی جیابووەوەی سووری گوتی، بۆردومانەکەی ئیسرائیل، فرقەیەکی گەورەی سەربازیی لە شاری کسوە کردووەتە ئامانج، کە 14 کلم لە لە باشووری دیمەشقەوە دوورە و ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی لێیە.
خەڵکی ناوچەکەش دەڵێن، گوێمان لە دەنگی تەقینەوەی گەورە بوو لە باشووری دیمەشق، ئەو شوێنەی کە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی تێدا دامەزراون.
سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی سەبارەت بەو هێرشەی دوایی نەداوە، بەڵام بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل دانیان بەوەدا ناوە، کە ئەو هێرشە چڕوپڕانە لەناو خاکی سووریا، بە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە بوونی هێزی سەربازیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە.
باسنيوز
