بوومەلەرزەکەی ژاپۆن مەترسی لەسەر بنکەیەکی ئەتۆمی دروستکردووە

بوومەلەرزەکەی ژاپۆن مەترسی لەسەر بنکەیەکی ئەتۆمی دروستکردووە
رۆژی شەممە بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.1 پلە بە پێوەری رێختەر کەناراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند، ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن رایگەیاند، هیچ مەترسییەکی دروستبوونی سونامی لەئارادا نییە، بەڵام مەترسی لەسەر بنکەیەکی ئەتۆمی دروستکردووە.

بومەلەرزەکە بەهێزبوو، بە قوڵایی 60 کیلۆمەتر لەژێر دەریاوە روویداوە. پشکنینی بنکەی ئەتۆمی فۆکوشیما دای چای دەستیپێکردووە کە ترس هەیە زەرەر و زیانی بەرکەوتبێت.

لە ساڵی 2011 بوومەلەرزەیەک لە هەمان ناوچەی دەوروبەری شاری فۆکوشیما و میاگی دا، تسونامی و کارەساتی ئەتۆمی درووستکرد، 360 ملیار دۆلار زیانی بەو وڵاتە گەیاند، 15 هەزار و 899 کەس گیانیان لەدەستدا و تاوەکو ئێستاش 2529 کەس بێ سەروشوێنن.

ڤیدیۆی ساتەوەختی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە 20 چرکە زەمینلەرزە روودەدات، کەلوپەلی نێو ماڵ و باڵەخانەکان دەجووڵێنێتەوە.

ئەژی چەتۆ، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بوومەلەرزەکە 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی ئەو بوومەلەرزەوە دوورە کە لە ساڵی 2011 بە گوڕی 9 پلەی رێختەر روویدا و بووە هۆی دروستبوونی تسۆنامی.

دوور نییە جارێکی دیکە تسۆنامی لەو ناوچەیە رووبدات، بۆیە حکومەتی ژاپۆن دەستی بە ئامادەکاریی و رێکاری پێویست کردووە، بەڵام پێشبینیکردن بۆ روودانی بوومەلەرزە تاوەکو ئێستا ئەستەمە و زانست نەیتوانیوە پێی بگات.
rudaw -
Top