دەیان چەکداری تاڵیبان بەهۆی تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکدا کوژران

دەیان چەکداری تاڵیبان بەهۆی تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکدا کوژران
بەهۆی تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکی ئەفغانستاندا، دەیان چەکداری بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی، کوژران.

ئەمڕۆ شەممە 13-2-2021، وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان رایگەیاندووە، تەقینەوەیەک لەناو مزگەوتێکی ناوچەی دەوڵەت ئاباد لە ویلایەتی بەلخی باکووری وڵاتەکە، رووی داوە.

وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان هەروەها رایگەیاندووە، تەقینەوەکە لەکاتی مەشقی چەکدارانی تاڵیبان لەسەر دروستکردنی بۆمبی چێندراو، رووی داوە.

بەهۆی تەقینەوەکەوە، هەروەک وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان رایگەیاندووە، 30 چەکداری تاڵیبان، کە شەشیان بیانی بوون، کوژراون.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.

تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.











باسنيوز


Top