سەرۆكایەتی توركیا: دەستبەرداری مووشەكی "ئێس-400"ی رووسیایی نابین

سەرۆكایەتی توركیا: دەستبەرداری مووشەكی
ئبراھیم كاڵن، گوتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا جارێكی دیكە جەختیكردەوە لەوەی ئەنقەرە پاشگەز نابێتەوە لە دەستەبەركردنی سیستەمی بەرگری رووسیایی "ئێس-400" كە بووەتە ھۆكاری سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر وڵاتەكەیدا.

كاڵن جەختیكردەوە لەوەی توركیا ھەوڵدەدات كێشەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان بەڕێگای دانوستان چارەسەر بكات.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "تی ئار تی خەبەر"ی توركیایی گوتی: بەھەڵە لێدوانەكانی وەزیری بەرگری توركیا لێكدراونەتەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ وردەكارییەكی دیكە بخاتەڕوو.

گوتیشی: ئێستا دانوستان لە نێوان ئەنقەرە و واشنتن ھەیە سەبارەت بە ناكۆكییەكان و نابێت مەزندەی چارەسەری خێرا بۆیان بكرێت.

وەزیری بەرگری توركیا، خەلوسی ئاكار رۆژی سێشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە سیستەمی مووشەكی "ئێس-400" كە لە رووسیای كڕیوە، بەكاری نەھێنێت، ئه‌مه‌ش بۆ كەمكردنەوەی گرژی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی ئەو پرسەوە.

خلوسی ئاكار، لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "حورییەت" گوتبووی: "ئێمە ئامادەین بۆ دانوستانكردن لەسەر نموونەیەكی ھاوشێوەی ئەوەی بۆ مووشەكەكانی "ئێس-300" لە دوورگەی كریت لە یۆنان كراوە".

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناڕەزاییە توندەكانی توركیا، قوبرس لە ساڵی 1999 لە بڵاوكردنەوەی سیسته‌می دژه‌ مووشەكی "ئێس-300" پاشگەزبوویەوە، دوای ئەوەی داوای لە رووسیا كرد و دواتر بە رێككەوتن لەگەڵ ئەسینا لە دورگەی "كریت"ی دانا.

دواتر یۆنان بوو بەخاوەنی ئەم مووشەكانە، كە لەو كاتەوە ھەرگیز بەكار نەھاتن، تەنھا لە میانی مەشقەكانی 2013 نەبێت.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی رەوشی "نا كردەیی" ئه‌و مووشەكانه‌ی لە دورگەی كریت جێگیركراون، وەزیری بەرگری توركیا سەبارەت بە مووشەكەكانی ئێس-400 گوتی: توركیا پێویستی به‌وه‌ نییه‌ "بەردەوام بەكارییان بھێنێت".

گوتیشی: "ئەم سیستەمە لە حاڵەتی كردەوەی ھەڕەشەدا بەكاردەھێنرێت.. ئێمە لەو بارەوە بڕیار دەدەین".

كڕینی ئەو مووشەكانەی رووسیایی لەلایەن توركیاوە لەو چەند ساڵەی دواییدا ناكۆكی خستە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە.

ئەمه‌ریكییەكان دەڵێن: ئەو سیستەمە لەگەڵ سیستەمی بەرگری پەیمانی باكووری ئەتلەسی "ناتۆ" ناگونجێن، كە توركیا و ئەمەریكا تێیدا ئەندامن.

واشنتن لە كانوونی یەكەمی رابردوو رێگەپێدان بە ناردنی چەك بۆ ئاژانسی حكومەتی توركیای قه‌ده‌غه‌ كرد، كە ئەم ئاژانسە تایبەتمەندە بە كڕینی چەك و كەلوپەلەكانی سەربازی توركیا، ئه‌مه‌ش وەك سزادانێكی ئەنقەرە لە بەرامبەر كڕینی مووشەكی "ئێس-400"ی رووسی.

پێش سزاكانیش، ئەمەریكا گرێبه‌ستی فرۆشتنی فڕۆكە شەڕكەرەكانی جۆری "ئێف-35"ی به‌ توركیا ھەڵپەسارد، بەو پاساوەی كڕینی مووشەكی "ئێس-400" لەوانەیە ببێتە مایەی ئاشكراكردنی نھینییەكانی تەكنەلۆجیای فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكا.

رۆژی ھەینی گوتەبێژ بەناوی پێنتاگۆن، جۆن كێربی گوتی: ھەڵوێستی واشنتن لەم بابەتە "نەگۆڕاوە" و داوای لە توركیا كرد، "ده‌ستبه‌رداری سیستەمی ئێس-400" بێت.

ھەندێك لە چاودێران پێیانوایە، لەوانەیە سڕكردنی دۆخی ئەو مووشەكە رووسییانە، داواكانی ئەمەریكا بەجێبێنێت.
k24 -
Top