مۆسكۆ: ناكرێت سزاكان بە یەكجار لە سەر ئێران ھەڵبگیرێن و دەبێت تاران دان بەخۆیدا بگرێت
سێرگی ریاباكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەیكرد، رووسیا داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران دەكات، ھەماھەنگی لە رێكاراندا بكەن لە پێناو گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی بەخێرای.
ریاباكۆڤ لە لێدوانیدا بۆ ئاژانسی "نۆڤۆستی" ئەمڕۆ پێنجشەممە، گوتی: "بەڕای ئێمە، ئەركی سەرەكی دۆزینەوەی ئەو چارەسەریانەیە، كە بوار بە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەدات دەست بەگەڕانەوە بكات بۆ ناو رێككەوتنەكە، ئەمەش واتای ئەوەیە لە ناو كارەكانی دیكەدا، ھەڵگرتنی سزكانی سەر تارانە. ئەگەری ھەڵگرتنی گشت سزاكان بە یەكجار نییە، بەڵام ھەڵەیە ئەم كارە دوا بخرێت و ئێمە راشكاوانە ئەمە لەگەڵ ئەمەریكاییەكان باس دەكەین".
ھەروەھا ریاباكۆڤ ئومێدی مۆسكۆی دەربڕی لە گەیشتن بە چارەسەرییەكی مامناوەند سەبارەت بە گەڕانەوەی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ پابەندبوونەكانیان به رێككەوتنی ئەتۆمی پێش 21 شوبات. ئەم رۆژەش لە لایەن ئێرانەوە دەستنیشانكراوە بۆ جێبەجێكردنی ھەنگاوی دووەم لە رەتكردنەوەی تاران بۆ ئەو پابەندییانەی لە رێككەوتنی ئەتۆمیدا ھاتوون.
مۆسكۆ، پێنجشەممە، داوای لە تاران كرد "دان بەخۆیدا بگرێت" دوای ئەوەی دەستی بە بەرھەمھێنانی یۆرانیۆم كردووە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی دەزگا ئەتۆمییەكانی.
ریابكۆڤ گوتی: "ئێمە لەو لۆجیكەی پشت كردەوەكان و ھۆكارەكانی پاڵنەر بۆ ئەنجامدانی ئەو كارانە لە لایەن ئێرانەوە تێدەگەین، بەڵام پێویستە دان بەخۆیاندا بگرن و رێبازی بەرپرسانە بسەلمێنن".
گوتیشی: "ھەڵبەتە ئەمانەی روویانداوە؛ گەشبینمان ناكات، ھەنگاوی نوێی ئێران نیازی تاران پیشاندەدات لە قبووڵ نەكردنی رەوشی ئێستا".
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رۆژی چوارشەممە، گوتی: ئەو لێكۆڵینەوەی كردووە لە سەر 3.6 گرام لە یۆرانیۆمی كانزایی لە كارگەیەكی ئێران.
ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە لە ساڵی 2015 لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان، چین، رووسیا ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا واژووكرا و بەپێی رێككەوتنەكە تا ماوەی 15 ساڵ قەدەغەیە ئێران "بەرھەمھێنانی پلۆتۆنیۆم و یۆرانیۆمی كانزایی بكات یان قاڵبەكانی دەستەبەر بكات".
ئێران مانگی رابردوو رایگەیاند، وڵاتەكەی لێكۆڵینەوە لەبارەی بەرھەمھێنانی یۆرانیۆمی كانزایی دەكات، ئەمەش پرسێكی ناسكە، چونكە دەكرێت ئەو ماددەیە بەكار بھێنرێت بۆ درووستكردنی چەكی ئەتۆمی".
سەرچاوە: ئاژانسەكان
k24 -
