ماکرۆن: ئەگەر لوبنانییەکان حکوومەت پێکنەهێنن سەردانی بەیرووت ناکەم

ماکرۆن: ئەگەر لوبنانییەکان حکوومەت پێکنەهێنن سەردانی بەیرووت ناکەم
سەرکۆماری فەرەنسا رایدەگەیەنێت، ئەگەر لایەنە سیاسییە لوبنانییەکان حکوومەت پێک نەهێنن، ئەوا سەردانی ئەو وڵاتە ناکات.

ماڵپەڕی (سکای نیوز) لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی ئەلیزی (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا) بڵاوی کردووەتەوە، کە پێویستە لایەنە لوبنانییەکان بگەنە رێککەوتن و حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیان پێک بهێنن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، مەرجی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ سەردانی لوبنان، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئەو وڵاتەیە.

لە کۆتایی مانگی رابردوو (مانگی 1ـی 2021)، ماکرۆن بەبێ دیاریکردنی کاتەکەی، رایگەیاند، بۆ سێیەم جار سەردانی لوبنان دەکاتەوە.

دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت، ئیمانوێڵ ماکرۆن دوو جار سەردانی لوبنانی کرد و دەست پێشخەرییەکی بۆ رێککەوتنی لایەنە لوبنانییەکان، خستە روو.

دوای دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەتی لوبنان، لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی لوبنانەوە سەعد حەریری، سەرۆکی رەوتی مستەقبەلیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، راسپارد.

تا ئیستا سەعد حەریری نەیتوانیوە حکوومەتەکەی پێک بهێنێت و لەگەڵ میشال عۆنی سەرکۆمار، یەکتر بە ئاستەنگ دروستکردن بۆ پێهێنانی حکوومەتی نوێ، تۆمەتبار دەکەن.

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

نزیکەی هەفتەیەک دوای تەقینەوەکە، حەسان دیاب، سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەتس لەکار کێشانەوەی خۆی و حکوومەتەکەی، راگەیاند.














باسنيوز



Top