ئەمریکا: ئێران خەریکە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دوور دەکەوێتەوە
لەمبارەوە ند پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم پرسەی لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هێناوەتە بەرباس کە لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادەی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئەمریکا لەو لێدوانەدا لەبارەی ڕاپۆرتە نوێیەکەی ئاژانس وردەکاریی زیاتری نەخستووەتە ڕوو.
ند پرایس، ڕاشی گەیاندووە بەگشتی لە ڕەفتار و هەڵوێستەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا وا دەردەکەوێت کە ئێران خەریکە بەرەبەرە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دوور دەکەوێتەوە، چونکە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە.
ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨وە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کشاوەتەوە.
جۆ بایدن سەرکۆماری ئەمریکا، لە وەڵامی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئێراندا کە گوتوویانە بە مەرجێک دانوستانەکان دەست پێ دەکەینەوە کە هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن، ئاشکرای کردووە، ئەگەر ئێرانیش پابەندی بەڵێن و خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بێت، ئێمە دەگەڕێینەوە ناو ڕێککەوتنی پێنج کۆ یەک.
باسنيوز
