تورکیا ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل بە ”هەڵەی درێژخایەن“ هەژمار دەکات
سەرەڕای بوونی پەیوەندیی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی تورکیا رەخنە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەب و ئەو وڵاتە، دەگرێت.
مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانێکیدا بۆ کوێت، رایگەیاندووە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین لەناو دەبات.
مەولود چاویشئۆغڵو پێیوایە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل دژی بنەما نێودەوڵەتییەکان و دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین و ”هەڵەیەکی درێژخایەنە“.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە، ئیسرائیل بەو ئاساییبوونەوانە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی پێویست ناکا لەسەر خاکی فەلستین بکشێتەوە و ”لەکارە نایاساییەکانی بەردەوام دەبێت“.
ئەو لێدوانەی مەولود چاویشئۆغڵو لە کاتێک دایە، کە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل ئاسایین و هەردوولا باڵوێزخانەیان لە پایتەختی یەکتر هەیە.
لە مانگەکانی کۆتایی 2020، بە دەستپێشخەریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021)، وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن، سودان و مەغریبی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
ئێستا جگە لەو چوار وڵاتە عەرەبیە، کۆماری میسری عەرەبی و شانشینی هاشمیی ئوردن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییە.
باسنيوز
