بەرپرسێکی ئەمریکی: بایدن دەیەوێت وڵاتان چەکدارانی بیانیی داعش و خێزانەکانیان ببەنەوە
جێفری دیلۆرێنتیس، بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "هەڕەشەی داعش لەسەر جیهان زیاتر دەبێت ئەگەر وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاووڵاتییانیان لە سووریا و عێراقەوە نەبەنەوە".
ئەو بەرپرسە بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند، جگە لەوەی لە رووە ئەمنییەکەوە گەڕاندنەوەی چەکدار و کەسوکارەکانیان باشترین بژاردەیە، "ئەمە رێگە راستەکەشە".
ئیدارەی بایدن و ئیدارەی پێشووی ئەمریکا هەردووکیان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت چەکدارانی داعش و کەسوکاریان لە وڵاتانی خۆیان دادگایی بکرێن، بەڵام ئەوە کاردانەوەی پێچەوانەی وڵاتانی ئەوروپیی لێکەوتووەتەوە، لەنێویاندا فەرەنسا کە نایەوێت چەکداری پێشووی داعش بباتەوە.
بە گوتەی جێفری دیلۆرێنتیس "90%ی منداڵان لە کامپەکان تەمەنیان لە خوار 12 ساڵانە، 50%یان لە خوار پێنج ساڵانە".
ئەمریکا هێشتا داعش وەکو "هەڕەشەیەکی جیددی" دەبینێت. بە گوتەی دیلۆرێنتیس، داعش لە بەرژەوەندیی خۆی ناسەقامگیریی عێراق و سووریا بەکاردەهێنێت و چاویشی لەوەیە لە وڵاتانی بیانی هێرش و تەقینەوە ئەنجامبدات و سەرنجی چەکداران لە ئەفریقیا و ئاسیا بۆ خۆیان رابکێشێت.
بە بۆچوونی ئەو بەرپرسە، "هێشتا دەیان هەزار چەکداری گومانلێکراوی بیانی لە ناوچەکانی شەڕدا ماونەتەوە، هاوکات کەسانی سەر بە داعش لە سەرتاسەری جیهان هەڕەشەن، بەتایبەتی لە ئەفریقیا".
ئەو بەرپرسە ترسی لەوەیە گرووپە چەکدارەکان لە ئەفریقیا دەرفەت بقۆزنەوە و یەکبگرن، دەڵێت ئەوە "مەترسیی بۆسەر هەموومانە".
rudaw -
