پاپا کتێبێکی پیرۆز لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە بۆ قەرەقووش
کتێبەکە ناوی "سیدرا"یە و بە زمانی دێرینی ئارامی نووسراوە و مێژووەکەی بۆ سەدەکانی 14 و 15ی زایینی دەگەڕێتەوە.
لە 6ی ئابی 2014دا داعش هێرشیکردە سەر قەرەقووش و تەواوی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
لەوکاتەدا قەشەیەکی شارەکە کتێبەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە هەرێمی کوردستان و نەیهێشت بکەوێتە دەستی داعش.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئیڤانا بۆرۆسۆتۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی رێکخراوە کریستیانەکان کتێبەکەی رادەستی پاپا فرانسیس کرد و رایگەیاند، ئومێدەوارە بگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی بنچینەیی خۆی.
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو پاپا فرانسیس سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر و بەغدا کۆبێتەوە.
رۆژی 5ی ئادار پاپا فرانسیس دەگاتە بەغدا و رۆژی 7ی مانگ سەردانی هەولێر دەکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
پاپا فرانسیس هەمان رۆژ سەردانی نەینەوا دەکات و یەکێک لەو شوێنانەی بەسەری دەکاتەوە قەرەقووش دەبێت و کتێبەکە دەباتەوە شارە کریستیان نشینەکە.
rudaw -
