ریال مەدرید بەهۆی پێکانەوە ئەستێرەیەکی لەدەستدا
دوای ئەوەی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر بە خیتافی بەشداری کرد و گۆڵێکی دروست کرد، لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا، بەهۆی پێکانەوە، مارسێلۆ یاریگەی بەجێهێشت
ئەمڕۆ یانەی ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند: "دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ پێکانەکەی مارسێلۆ دەرکەوتووە لە بنەپێی چەپیدا بە سەختی تووشی پێکان بووە و بنەپێی کوتراوەتەوە، هەر بۆیە پێویستی بە سێ هەفتە هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر".
زەینەدین زیدان بەدۆخێکی دژواردا تێپەڕدەبێت کاتێک تیپەکەی لە یەکشەممەی داهاتوودا لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ڤالێنسیا دەبێتەوە، چونکە لە تواناکانی 9 یاریزانی بێبەش دەبێت کە سەرجەمیان پێکانیان هەیە، دیارترینیان، رامۆس، کارڤاخال، ئیدین هازارد و رۆدریگۆیە.
مارسێلۆ لەم وەرزەی لالیگا تەنیا بەشداری لە 8 یاریی یانەکەی کردووە و توانیویەتی 2 گۆڵ دروست بکات.
بەرگریکارە تەمەن 32 ساڵییەکەی بەرازیل ماوەی دوو وەرزە بەهۆی پێکان و ناجێگیری ئاستییەوە، زیدانی راهێنەر کەمتر وەکو یاریزانی سەرەکی پشت بە تواناکانی دەبەستێت.
rudaw -
