پنتاگۆن: هێزەکانی ئەمریکا چیتر بەرپرس نیین لە پاراستنی بیرەکانی نەوت لە سوریا
بەپێی ماڵپەڕی "الحرە" جۆن کیربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و بەڵێندەرە لاوەکییەکان، دەسەڵاتی درێژکردنەوەی هاوکارییان نییە بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت کە بەدوای سودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی نەوتن لە سوریا".
سوپای ئەمریکا کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوەیپێکراوە، لە ئێستادا ژمارەیان نزیکەی 900 کەس دەبێت
لەوەڵامی پرسیاری ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وتی، "سوپای ئەمریکا کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوەیپێکراوە، لە ئێستادا ژمارەیان نزیکەی 900 کەس دەبێت و شەڕی دژی داعش دەکەن و لەبەر ئەوەش لەوێن".
زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ڕژێمی بەشار ئەسەد-دان
زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ڕژێمی بەشار ئەسەد-دان، ئەو کێڵگانە دەکەونە ئەو ناوچانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە کۆنتڕۆڵکراون، کە داهاتی نەوتیان سەرچاوەی سەرەکیە بۆ هێزە کوردییەکان.
ساڵی 2020 رێککەوتنێک لە نێوان کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبردنی رۆژئاڤای کوردستان واژۆکرا
ساڵی 2020 رێککەوتنێک لە نێوان کۆمپانیای (دەلتا کریسنت ئینێرجی) نەوتی ئەمریکا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبردنی رۆژئاڤای کوردستان واژۆکرا، کە ڕێگە بە هەسەدە دەدات لە مەودایەکی فراوانا لە سزاکانی ئەمریکا لە دژی ڕژێمی سوریا دەربازی بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا کاتێک بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی هەمو سەربازانی ئەمریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا پێچەوانە کردەوە، وتی، چەند سەد کەسی سەربازی دەهێڵێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە "نەوتی لێیە".
خەندان
