ئێران چۆن سیخوڕەکانی لە عێراق دژی ئەمریکا بەکارهێناوە؟
ماڵپەڕی زە ئینتەرسێپت-ی ئەمریکی بەبێ ناوهێنانی، لە باسی یەکێک لەو سیخوڕانەی عێراقدا کە لە 2015 کاری بۆ دەزگای ئەمنیی عێراق کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەوەی پێویستی بە پارە بووە، لەگەڵ کارەکەیدا، هاوکات کاری بۆ ئێرانییەکان کردووە.
بەپێی ئەو دۆکیۆمێنتانەی دەست ماڵپەڕە ئەمریکییەکە کەوتوون، کاتێک ئەو سیخوڕە عێراقیییە ویستوویەتی کار لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران بکات، چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە، ئەو ئەفسەرەشی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە پێی گوتووە، هەموو ئەو شتانە بڵێت کە دەیزانێت و بۆ بەرژەوەندیی ئێرانن؛ لەکاتی قسەکانی سیخوڕەکەدا، یەک شت سەرنجی ئەفسەرە ئێرانییەکەی راکێشاوە، ئەویش ئەوە بووە کە سیخوڕەکە هاوڕێیەکی هەبووە لە بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیک لە تورکیا کە کاری بۆ ئەمریکا کردووە، لەو رێگەیەشەوە دەتوانێت سیخوڕی بەسەر ئەمریکییەکانەوە بکات بۆ ئێران.
ئەم چیرۆکە لە سیخوڕیکردن لە ئەرشیڤی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە دەست (زە ئینتەرسێپت) کەوتووە و دزەیپێکراوە، سەدان راپۆرتی نهێنیی باڵای دەزگای هەواڵگریی ئێران ئاشکرا بوون کە باس لە کاریگەرییەکانی ئێران و رۆچوونی لە عێراق دەکەن. پێشتریش هەمان ماڵپەڕی ئەمریکی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە لەسەر هەمان پرس.
ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە لە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دزەیان پێ کراوە و باس لە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی ئێران لە عێراق دەکات کە لە ساڵی 2013 تاوەکو 2015 زانیارییەکان لە نووسینگەکانی هەواڵگریی عێراقەوە نێردراون بۆ وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران کە بنکەکەی لە تارانە.
دۆکیۆمێنتەکان ئەوە دەردەخەن کە عێراق چۆن بووەتە مەیدانێکی جەنگ بۆ سیخوڕەکانی ئەمریکا و ئێران. کاریگەریی قوڵی ئێران لە سیاسەتی عێراقیدا بەمانای ئەوە دێت کە دوو ئۆرگانە سەرەکییەکەی هەواڵگریی ئێران، کە وەزارەتی ئیتڵاعات و هێزەکانی قودسن، توانیویانە چەندین ساڵ بەشێوەیەکی ئازاد لەناو عێراقدا جموجۆڵ بکەن و تۆڕێکی گەورەی سەرچاوەی نهێنی لە وڵاتەکەدا گەشەپێبدەن.
سیخوڕێکی عێراقی
دوای ئەوەی سیخوڕە عێراقییەکە بە ئەفسەرە ئێرانییەکەی گوتووە، هاوڕێیەکی هەیە کە لە بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیک لە تورکیا کاردەکات، ئەفسەرەکە ئەرکێکی پێسپاردووە و پێی گوتووە کە لە سەردانی داهاتوویدا بۆ تورکیا چاوی بەو هاوڕێیەی بکەوێت و لەڕێگەی بەکرێگرتنی هاوڕێکەی، دڵسۆزیی خۆی بۆ ئێران بسەلمێنێت. بەپێی ئەو دۆکیۆمێنتانەی دەست (زە ئینتەرسێپت) کەوتوون، دوای ئەوەی عێراقییەکە چاوی بە هاوڕێکەی کەوتووە، بە ئەفسەرە ئێرانییەکەی گوتووە "سەردانی هاوڕێکەمم کرد و دەربارەی هەماهەنگیکردنی لەگەڵ ئێران قسەم لەگەڵ کرد.. ئەگەری زۆرە هەماهەنگی بکات".
بەهۆی لایەنی ئەمنیی بنکەی ئەنجەرلیکەوە، پەیوەندیکردنی بەردەوامی هاوڕێی عێراقییەکە لەگەڵ ئێرانییەکان قورس دەبێت، عێراقییەکە بە ئێرانییەکان دەڵێت "بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەموو شتێکیان لەناو بنکەی ئەنجەرلیک بە تووندی کۆنترۆڵکردووە، جێهێشتنی بنکەکە و گەشتکردن بۆ شارەکانی دیکە ژیانی دەخاتە مەترسییەوە".
بەڵام دواتر ئەو کەسەی کە لە بنکەی ئەنجەرلیک کاری کردووە، بە سەردانێکی دوو مانگە و بۆ خوێندنی کۆرسێکی راهێنان چووەتە ئەمریکا، دوای گەڕانەوەشی لە بنکەی ئاسمانیی ئەلئەسەد لە عێراق کاری کردووە، عێراقییەکە بە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانی راگەیاندووە "بەمشێوەیەش پەیوەندیکردن بەو کەسەوە ئاسان دەبێت".
ئەفسەرە ئێرانییەکە کە بە ژمارە (3141153) ناسراوە، بە هەوڵەکانی سیخوڕە عێراقییەکە کاریگەر دەبێت و لە راپۆرتیدا لەبارەی سیخوڕەکەوە دەنووسێت "قۆناخە سەرەتاییەکانی فایلەکە لەسەر هەماهەنگیکردن تەواوبوون و ئەو ئامادەیە بۆ وەرگرتنی کۆدی هەماهەنگی". ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراقییەکە ئامادەکراوە بۆ هەنگاوی داهاتوو لە دامەزراندنی وەکو سیخوڕێک، "لەسەر بنەمای رێنمایی بەڕێوەبەری گشتی 364".
زانیارییە دزەپێکراوەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئەوەیان دەرنەخستووە کە ئایا هاوڕێی سیخوڕە عێراقییەکە هەرگیز لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە لە عێراق و تورکیا سیخوڕیی بۆ ئێرانییەکان کردووە یاخود نا. گوتەبێژێکی پێنتاگۆنیش رەتیکردووەتەوە لێدوان لەوبارەیەوە بدات.
هەوڵەکانی دیکەی ئێران بۆ بەکارهێنانی عێراق وەکو پلاتفۆرمێک بۆ سیخوڕیکردن
بەپێی ئەو دۆکیۆمێنتە دزەپێکراوانەی لای میدیا ئەمریکییەکە، کەیسی ئەو عێراقییە و هاوڕێکەی لە بنکەی ئەنجەرلیک، یەکەمین هەوڵی ئەفسەرانی هەواڵگریی ئێران نەبووە بۆ بەکارهێنانی عێراق وەکو پلاتفۆرمێک بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ئەمریکاوە.
لە ساڵی 2019 زە ئینتەرسێپت و رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، راپۆرتێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بۆ بەکرێگرتنی سیخوڕێک لەناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. ئەو کەسەی ئێران هەوڵیداوە بەکرێی بگرێت، ناوی نەبراوە، بەڵام وەکو کەسێک ناوبراوە کە کاری بۆ ئەمریکا کردووە لەسەر پرسەکانی عێراق. زە ئینتەرسێپت تەنیا بەشێک لە راپۆرتێکی ناوخۆی ئێرانی دەستکەوتووە لەبارەی کەیسەکە، کە ئەویش مێژووەکەی دیارنییە.
بەپێی ئەو راپۆرتە ئێرانییەی دەست زە ئینتەرسێپت کەوتووە، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەوبارەیەوە گوتوویەتی "بە رەچاوکردنی بەرپرسیارێتییەکانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تۆمار و زانیارییەکانی، بەشێوەیەکی باش دەتوانێت دەستی بە زانیاریی نهێنی بگات".
لە ساڵی 2020 دەزگای هەواڵگریی FBIـی ئەمریکی کەسێکی بەناوی مەریەم سۆمپسۆن دەستگیرکرد، کە وەرگێڕێکی خەڵکی مینەسۆتا بوو، کاری بۆ سوپای ئەمریکا دەکرد لە عێراق، ناوبراو بەوە تۆمەتبارکرابوو کە زانیاریی بە حیزبوڵڵا داوە، کە گرووپێکە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
ئەفسەرێکی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە یەکێک لە راپۆرتەکانیدا دەربارەی بینینی هەواڵدەرێکی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە "بەر لە کاژێرێک لە دەستپێکردنی کۆبوونەوە، بنکەکەم بە پیادە جێهێشت، دوای 20 خولەک لە رۆشتن بە پیادە و پشکنین و دڵنیابوونەوەی پێویست، دوو تاکسیم لە شەقامێکی نزیک ئەو شوێنە گرت بۆ چوونە شوێنی کۆبوونەوەکە، دواتریش جارێکی دیکە ماوەی 10 خولەک بە پیادە رۆشتم و شوێنەکەم پشکنی، گەڕامەوە شوێنەکەم، ئەویش لەڕێگەی بەکرێگرتنی دوو تاکسییەوە".
لە راپۆرتێکی دیکەیدا باس لەوە کراوە کە ئێرانییەکان لە هەولێر چاویان بە هەندێک لە هەواڵگرەکانیان کەوتووە، ئەویش دوای گرتنەبەری چەندین رێگە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەواڵگرەکەیان چاودێری ناکرێت، یەکێکیان داوای لە ئێرانییەکان کردووە مووچەی بۆ زیاد بکەن، ئەوەش بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری و نەخۆشیی دایک و باوکیەوە.
بۆ مەبەستی هەواڵگری، ئێرانییەکان لە عێراق سوودیان لە دامەزراوە کولتووری و ئایینییەکان و رێوڕەسمەکانیش وەرگرتووە. ، زۆربەی سیخوڕەکانی ئێران لە عێراق شیعەن و لەکاتی سەردانیکردنی شوێنە ئایینییەکان چاویان بە کارمەندە نهێنییەکانی وەزارەتی ئیتڵاعات کەوتووە و زانیاریی هەواڵگیرییان پێداون.
جگە لە شوێنە ئایینی و کولتوورییەکان، ئێرانییەکان شوێنی دیکەی وەکو پێشەنگەی وێنەشیان بۆ بینینی هەواڵگرەکانیان بەکارهێناوە. هەروەها بۆ خۆپاراستن لە خیانەتی ئۆپەراسیۆنە سیخوڕییەکانیان لە عێراق، ئێرانییەکان زیاتر متمانەیان بەو کەسانە کردووە کە شیعەی عێراقی بوون و پەیوەندیی خێزانییان لەگەڵ ئێرانییەکانیش هەبووە.
rudaw -
