ئەمریكا هۆشداری لە ئەگەری خۆڕێكخستنەوەی داعش دەدات
جەنەراڵ كینیس ماكێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا لەبەردەم كۆنگرەی پەیمانگەی "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا گوتی پێویستە بەردەوام هۆشدار بن لە مەترسیی داعش و یارمەتی هاوپەیمانەكانیان بدەن بۆ تێكشكاندنی داعش و ڕێگرتن لە گەشانەوەی بیری توندڕەویی ڕێكخراوەكە.
ماكێنزی گوتیشی داعش بەردەوامە لە چالاكییە تیرۆریستییەكانی و هەوڵی خۆنوێكردنەوە دەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا، هەروەها هەوڵی پێشخستنی ئامانجەكانی دەدات، بۆیە دەبێت بەردەوام هۆشدار بن.
فەرماندە سەربازییەكەی ئەمریكا ئەوەشی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی هاوپەیمان و هاوبەشەكانی لە شەڕی داعش، بۆ ئەوەی بتوانن لە ناوچەكانی خۆیانەوە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە یارمەتی دەرەكی هەبێت.
ماكێنزی گوتیشی مەترسی هەیە نەوەیەكی نوێی داعش لە كەمپەكانی دەستبەسەریدا لە عێراق و سووریا سەرهەڵبدەنەوە و دەست بە چالاكی تیرۆریستی بكەن، بە تایبەتی كە ئەمریكا سەرپەرشتی ئەم كەمپانە ناكات و دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشكێت.
باسنيوز
