رژێمی سووریا کردنەوەی زانکۆیەکی تورکیا لە باکووری وڵاتەکەی سەرکۆنە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی رژێمی سووریا کردنەوەی زانکۆیەک لەلایەن تورکیاوە لە باکووری وڵاتەکەی، سەرکۆنە دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی رژێمی سووریا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، کردنەوەی زانکۆیەکی تورکی لە ناوچەی راعی لە سنووری شارۆچکەی باب لە پارێزگای حەلەب، کە لەلایەن هێزە تورکییەکانەوە داگیر کراوە، ”بە هەموو شێوەیەک رەت دەکەینەوە“.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا، کە ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی رژێمەکە بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی رژێمی سووریا کردنەوەی ئەو زانکۆیە بە ”کارێکی مەترسیدار و پێشێڵکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان“ هەژمار دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی رژێمی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کردنەوەی زانکۆ تورکییەکە لە باکووری سووریا درێژەدانە بە هاوکارییەکانی تورکیا بۆ رێکخراوی تیرۆریستی داعش و بەرەی نوسرەی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە.
وەزارەتەکەی رژێمی سووریا داواشی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بەرپرسیارێتییەکانی لە ئەستۆ بگرێت و سنوورێک بۆ ”تاوانەکانی رژێمی تورکیا“ لە دژی گەلی سووریا و سەروەریی سووریا، دابنێت.
چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند، کۆلێژێکی پزیشکیی سەر بە زانکۆی ئیستەنبوڵ لە ناوچەی راعی لەسەر خاکی سووریا و لە نزیک سنووری تورکیا، دەکەنەوە.
باسنيوز
