واشنتن: بژاردەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەكراوەیی دەھێڵینه‌وه‌

واشنتن: بژاردەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەكراوەیی دەھێڵینه‌وه‌
گوتەبێژ بە ناوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ساموێڵ وربێرگ، ئەمڕۆ یەكشەممە بە "ئەلعربیة"ی راگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بژاردەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەكراوەیی دەھێڵێتەوە، بەواتای ئەوەی نە دانوستان بە دوور دەزانێت، نە تەواوكردنی ھەڵمەتی فشارخستنە سەر تاران بەدوور دەزانێت.

ھەروەھا وربێرگ جەختیكردەوە لەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان دانوستان لەگەڵ ھاوپەیمانەكانی لە ئەوروپا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەنێوانیشیاندا سعوودیە دەكات، پێش ئەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران بكات سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی.

سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن، لە دیدارێكدا جەختیكردبووە لەوەی سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران ھەڵناگرێت، چونكە ئێران رێز لە پابەندییەكانی ناگرێت لە دۆسیەی ئەتۆمیدا.

لە وەڵامی پرسیارێكی تۆڕی "سی بی ئێس" لە بارەی ئەگەری ھەڵگرتنی سزاكان بۆ قایلكردنی تاران بە گەڕانەوەی بۆ سەرمێزی دانوستانەكان بە ئامانجی رزگاركردنی رێككەوتنی ئەتۆمی، بایدن وەڵامی دایەوە و گوتی: "نەخێر".

كاتێكیش رۆژنامەنووسەكە لێیپرسی، ئایا دەبێت ئێرانییەكان "یەكەم شت پیتاندن یۆرانیۆم راگرم" سەری بە ئەرێ بۆ لەقاند، لە چەند پارچەیەكی دیدارەكەدا، كە بریارە دوای نیوڕۆی یەكشەممە بەكاتی ئەوێ پەخش بكرێت.

دوای دانوستانێكی ماندووكەر و درێژخایەن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2015 گەیشتە رێككەوتن لەگەڵ ئێران بەوەی چەكی ئەتۆمیی نەبێت و ھەر یەك لە چین، رووسیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا واژوویانكرد، دواتریش نەتەوەیەكگرتووەكا رێككەوتنەكەی پەسندكرد.

بەڵام سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، لە ساڵی 2018 لەو رێككەوتنە كشایەوە بە پاساوی ئەوەی رێككەوتنەكە بەس نییە بۆ راگرتنی چالاكییەكانی ئەتۆمی ئێران و ھەروەھا "چالاكییەكانی لە لەقكردنی سەقامگیری" رۆژەھەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ دیسان سزای بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێرانیدا سەپاندەوە، كە پێشتر ھەڵگیرابوون بەرامبەر بە پابەندییەكانی ئەتۆمی ئێران، ئەمەش ئێرانی پاڵدا بەرەو دەرچوون لەو پابەندییانە.

بایدن بەڵێنی گەڕانەوەی بۆ نێو رێككەوتنەكە دا بەو مەرجەی ئێران یەكەم جار پابەدنییەكانی جێبەجێبكات، بەڵام سەركردە ئێرانییەكان، یەكشەممە دووبارەیان كردەوە، دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكان دەستپێشخەری ھەڵگرتنی سزاكان بكات پێش ئەوەی خۆیان جارێكی دیكە پابەند بكەنەوە بەو كۆتو بەندانەی ریككەوتنەكە بەسەر بەرنامەی ئەتۆمییاندا سەپاندووە.
k24 -
Top