کیم جۆنگ ئون بڕیارێک لەبارەی رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل دەدات
حکوومەتی کۆریای باکوور، کە کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی دەکات و هەموو بڕیارەکانی وڵات لەدەستی ئەوە، بڕیارێک لەبارەی رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل دەدات.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور پێیوایە رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل ”یەکێکە لە خەسڵەتەکانی سەرمایەداریی بۆگەن“.
دەسەڵاتدارانی کۆریای باکوور ترسیان لەوە هەیە، کە گەنجانی وڵاتەکەیان لەناو ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکان گوێ لە میوزیکی کۆریای باشوور بگرن و سەیری فیلمەکانی ئەو وڵاتە بکەن.
حکوومەتەکەی کیم جۆنگ ئون بڕیاری قەدەغەکردنی جامڕەشی لە وڵاتەکەی داوە و هەر کەسێکیش سەرپێچیی بڕیارەکە بکات، ئەوا جاری یەکەم بە بڕی 30 هەزار وەن (33 دۆلار) غەرامە دەکرێت و جاری دووەم دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.
ئەو بڕیاری قەدەغەکردنی جامڕەش ئۆتۆمبێلەکانی کیم جۆنگ ئون و ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان ناگرێتەوە.
باسنيوز
