'بچووکترین زیندانی سیاسیی' ئێران دوای 11 ساڵ ئازادکرا

'بچووکترین زیندانی سیاسیی' ئێران دوای 11 ساڵ ئازادکرا
گەنجێکی بەلوچی دوای 11 ساڵ مانەوە لە زیندانەکانی ئێران ئازادەکرێت، گەنجەکە لە تەمەنی 17 ساڵی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی زانیاریی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەستگیرکرابوو.

محەممەد سابر مەلەک رەئیسی لە ساڵی2010 لە سیستان و بەلوچستان کاتێک خوێندکاری پۆلی 11 بوو دەستگیرکرا، ئەو لە نامەیەکدا باسی دەستگیرکردنەکەی دەکات و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "برایەکی لە پاکستان ئەندامی جوندوڵڵای پاکستان" بووە کە دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.

محەممەد دوای دەستگیرکردنەی دەبرێتە زیندانێک لە پارێزگای ئەردەبیل، لە باکووری ئێران کە نزیکەی 1600 کیلۆمەتر لە سیستان و بەلوچستانەوە دوورە. بەهۆی دوورییەوە، دایکی محەممەد تەنیا دووجار لەو 11 ساڵەدا توانیویەتی سەردانی کوڕەکەی بکات و باوکیشی کە ئیفلیجە نەیتوانیوە بیبینێت.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەکە بە بی بی سییان راگەیاندووە کە محەممەد و سێ بەندکراوی دیکە لە بەرامبەر ئازادکردنی دوو پۆلیسی سنووری ئێران ئازادکراون کە لەلایەن "هێزی عەدل" رفێنرابوون.

سیستان و بەلوچستان دووەم گەورەترین پارێزگای ئێرانە کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان هاوسنوورە، زیاتر لە 60٪ـی دانیشتووانەکەی لە نەتەوەی بەلوچن و نزیکەی 30٪ـیان نەتەوەی فارسن.

محەممەد سزای 17 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام لە کۆتاییەکانی 2020 ماڵپەری مافی مرۆڤ رایگەیاند، ئەو بەندکراوە ئازاد دەکرێت و بڕیاری لێبووردن بۆ ئەو چەند ساڵەی کە ماویەتی دەرکراوە.

ئەو بەندکراوە کە بە "بچووکترین بەندکراوی سیاسی" ناسراوە لە یەکێک لە نامەکانی کە لە زیندانەوە بۆ ماڵەوەیان ناردبوو، تێیدا نووسیبووی: سەرەڕای کەمیی تەمەنی "ئەشکەنجە دەدرێت".

دایک و باوکی محەممەد زۆرجار بە نامە داوایان لە بەرپرسانی ئێران و پارێزەرانی مافی مرۆڤ کردبوو کە کوڕەکەیان ئازادبکەن. گوڵ بیبی، دایکی محەممەد ساڵی رابردوو دوای سەردانی کوڕەکەی گوتی: محەممەد لە زیندان مانی لە نانخواردن گرتووە و "هێندەیان لێداوە کە چاوێکی چەند مانگە ناتوانێت هیچ ببینێت"، بەڵام ئەو قسانە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پشتڕاستنەکراونەتەوە.
rudaw -
Top