لە ئوسترالیا کارگەیەک وزەی کارەبا لە پاشماوەی خواردن بەرهەم دەهێنێت

لە ئوسترالیا کارگەیەک وزەی کارەبا لە پاشماوەی خواردن بەرهەم دەهێنێت
لە ئوسترالیا کێڵگەیەک وزەی کارەبا و پەینی کشتوکاڵی لە پاشماوەی خواردن بەرهەم دەهێنێت. لە شاری کالۆک کە دەکەوێتە 140 کیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای شاری میلبۆرن، دوو شوێن هەن کە پاشماوەی خۆراک دەردەنە نێو ئاوەوە، یەکێکیان قەسابخانە و ئەوەی دیکەشیان کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ساردەمەنییە.

هەردوو شوێنەکە پێکەوە بڕێکی زۆری ئاوی پیس بەرهەم دەهێنن کە پاککردنەوەی کارێکی زەحمەتە و تێچووی زۆری دەوێت.
بەڵام ئەو ئاوە بۆ نێو کێڵگەیەکی نوێ ئاراستە کراوە کە بە بەکارهێنانی کارەبا و ماددەی کیمیایی پاشماوەکان لە ئاوەکە جیادەکاتەوە.

هاوکات 9 ملیۆن دۆلاری دیکەی ئوسترالی دابین کراوە بۆ ئەوەی تۆڕێکی نوێی کارکردن پێک بهێنرێت تاوەکو بە پارە پاشماوەکانی خۆراک بکڕنەوە بۆ ئەوەی کاری کێڵگەکە ئاسانتر بکرێت.

کاتێک پاشماوەکان لە ئاوەکە جیا دەکرێنەوە، گازی میسان دروست دەبێت کە گازێکی گەرمکەرە و زیانی بۆ بەرگە هەوای زەوی هەیە.

بەڵام بنمیچی کارگەکە بەشێوەیەک دروست کراوە کە گازەکە کۆدەکاتەوە و ناهێڵێت بڕواتە دەرەوە، بەڵکو گازەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت.

ئێستا کێڵگەکە بەو وزەیە کاردەکات کە هەر خۆی بەرهەمی دەهێنێت. جگە لەوەش، دەتوانرێت وزەی کارەبای کێڵگەکە بە هەزار ماڵ بدرێت.

یەکێکی دیکە لە سوودەکانی کێڵگەکە ئەوەیە کە ساڵانە رێگری لە دەردانی شەش هەزار و 500 تۆن گازی گەرمکەر دەکات بۆ نێو بەرگەهەوای زەوی.

هەروەها ئەو پاشماوە خۆراکییانەی لە ئاوەکە جیادەکرێنەوە دەکرێنە پەیینی کشتوکاڵی. بڕیارە چەندین پرۆژەی لەم شێوەیە لە سەرانسەری ئوسترالیا دروست بکرێن.
rudaw -
Top