خەڵکی لیبیا پێشوازی لە حکومەتی کاتیی وڵاتەکەیان دەکەن
ئەرکی حکومەتە کاتییەکە بەڕێوەبردنی لیبیا دەبێت تاوەکو رۆژی 24ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کە هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت. بەرپرسانی حکومەتەکەی خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا، لە شاری بنغازی پێشوازی لە حکومەتە کاتییەکە دەکەن و هیواخوازن لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا کە فایز سەراج سەرکردایەتیی دەکات، بتوانن سەقامگیری و سەروەری بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێننەوە و کۆتایی بە هەبوونی هێزە بیانیەکان لە خاکەکەیاندا بهێنن.
عەبدولسەلام بەدری، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی رۆژهەڵاتی لیبیا لەبارەی حکومەتە کاتییەکەوە دەڵێت: هیواخوازن ئەو هەنگاوە بە ئاڕاستەیێکی دروست بێت و لیبیا بگەڕێنێتەوە سەر پێگەی جارانی خۆی و لیبیا بکاتە وڵاتێکی خاوەن سەروەریی سەربەخۆ کە هیچ کەس نە لە نێوخۆ و نە لە دەرەوە دەستوەرنەداتە کاروباری.
عەبدولحەمید دەبیبە، بازرگانێکی لیبی و دامەزرێنەری هاوپەیمانیی لیبیای ئاییندە، وەکو سەرۆکوەزیرانی کاتی هەڵبژێردراوە و محەممەد یونس مەنفی، باڵیۆزی پێشووی حکومەتی ویفاقی لە یۆنان وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەردوولا دەکات کە لەپێناو ئاشتەوایی و یەکگرتوویی لیبیا کاربکەن و ئەو دابەشبوونەی بەهۆی شەڕی نێوخۆە دروستبووە نەهێڵن.
ستێفانی ویلیامز، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لیبیا بە وەکالەت رایدەگەیێنێت: "یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی حکومەتی نوێ بریتیە لە ئاشتەوایی نیشتمانی و گفتوگۆی زۆرمان لەم بارەیەوە کردووە، واتە لەبارەی پێویستیی بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی ئەو متمانەیەی لە دانوستاندنە سیاسیەکانی لیبیاوە بەرهەمهاتووە."
مانگی نیسانی 2019، هێزەکانی خەلیفە حەفتەر بە پاڵپشتی میسر هێرشێکیان بۆ دەرهێنانی تەرابلوسی پایتەخت لەژێر دەستی حکومەتەکەی فایز سەراج دەستپێکرد، بەڵام سەراج بە پاڵپشتی تورکیا توانیی هێرشەکە رابگرێت و دوای چواردە مانگ لە شەڕ، تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بە نێوەندگیریی نەتەوەیەکگرتووەکان هەردوولا رازیبوون رێککەوتنی ئاگربەست واژۆ بکەن و لە کۆتایی ئەمساڵیشدا هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامبدەن.
rudaw -
