حەسەن ڕۆحانی: ئەم هەفتەیە پێکوتەی کۆرۆنا لە ئێران بەکار دەهێندرێت

حەسەن ڕۆحانی: ئەم هەفتەیە پێکوتەی کۆرۆنا لە ئێران بەکار دەهێندرێت
ئەمڕۆ سێشەممە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتە ئاشکرای کرد لەم هەفتەیەدا لێدانی پێکوتەی کۆرۆنا لە ئێران دەست پێ دەکات و سەرەتاش لە کارمەندانی تەندروستی دەدرێت.

سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش داوە کە یەکەم کاروانی پێکوتەی کۆرۆنای رووسی گەیشتووەتە ئێران و بۆ ١٠ هەزار کەسە و لە قۆناغی یەکەمدا کارمەندانی تەندروستی و ئەو کەسانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە پێکوتەکەیان بۆ بەکار دەهێندرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم مانگە ئەو ١٠ هەزار ژەمەی کۆرۆنا گەیشتووەتە دەستمان و بڕیارە مانگی داهاتووش ژمی دیکەی بگاتە دەستمان.

حەسەن ڕۆحانی ڕاشی گەیاندووە هەتا سەرەتای هاوین پێکوتەی بەرهەمی خودی ئێرانیش ئامادە دەبێت.

پێشتر بەرپرسانی باڵای ئێران و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لەبارەی کڕینی پێکوتەکە پێکەوە دژایەتییان هەبووە و هەندێک لە بەرپرسانی بڕوایان بە کڕینی پێکوتە نێودەوڵەتییەکان نەبووە و هەندێكیش لەو باوەڕەدا بوون کە پێکوتە ئێرانییەکە جێگەی متمانە نییە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە دوێنێ هەینی بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ حەوت هەزار و ٦١ کەسی دیکە لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون و سەرجەم تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٤٥٢ هەزار و ٣٨٧ کەس.

هاوکات هەر دوێنێ هەینی ٨٠ کەسی دیکە لە ئێران بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و بەگشتی هەتا ئێستا لەو وڵاتە ٥٨ هەزار و ٣٣٦ کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران تاکوو ئێستاش یەک ملیۆن و ٢٤١ هەزار و ٣٢٠ تووشبووی کۆرۆنا چاک بوونەتەوە و هاوکات سێ هەزارە و ٨١٩ کەس لە تووشبوان دۆخیان ناجێگیرە لەژێر چاودێریی چڕدان.





باسنيوز
Top