کوڕێکی بەبنەچە سووری بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە نەرویج دەستگیرکرا
ترۆند هوگوباکین، گوتەبێژی هەواڵگریی نەرویج رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە بە رەچەڵەک سوورییە ماوەی چەند ساڵێکە لە ئۆسلۆ دەژی و لە ماوەی رابردوودا دەستی بە ئامادەکاری کردبوو بۆئەوەی هێرش ئەنجامبدات.
گوتەبێژی هەواڵگریی نەرویج گوتی، "ئەو کەسە گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە پلانی ئەنجامدانی هێرشی هەبووبێت. پلانەکە لەوە جیدیتر بووە کە بەشداری لە هەوڵی رێکخراوێکی تیرۆریستیدا بکات".
ئەمڕۆش دادگای ئۆسلۆ فەرمانیدا ئەو کەسە بۆ ماوەی دوو هەفتە بە دەستبەسەرکراوی بمێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە دادگا و بێ ئامادەبوونی رۆژنامەڤانان گوێ بۆ کەیسەکەی گیرا.
دۆکیومێنتەکانی دادگا پیشانیدەدەن، ئەو کەسە "مادەی مەترسیداری" پێبووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەو بارەوە بڵاونەکراوەتەوە کە پلانی هەبووە هێرشەکە لە چ شوێنێکی نەرویج ئەنجامبدات.
لە لایەن خۆیەوە، ئەندرێ فێڤانگ، پارێزەری تۆمەتبارەکە رایگەیاند، "تۆمەتبارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بێتاوانە و داوایکردووە ئازادبکرێت. تەمەنی هێندە نییە کە فەرمانی دەستبەسەرکردن بیگرێتەوە".
میدیاکانی نەرویج دەڵێن، ئەو گەنجە پاڵپشتیکارێکی داعشە و لە چوارچێوەی پلانی بەیەکگەیشتنەوەی ئەندامانی خێزانەکان گەیشتووەتە نەرویج.
هەروەها رۆژی هەینی، پۆلیسی نەرویج ژنێکی تەمەن 30 ساڵەی نەرویجی بە رەچەڵەک پاکستانی تاوانبار ناساند کە ساڵی رابردوو لە کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندرابووەوە. تاوانبارناساندنی ئەو ژنە لەسەر ئەو بنچینەیە بوو کە ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستی بووە.
rudaw -
