ئەردۆغان لەبارەی خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکەیەوە نیگەرانی رەخنەکانی پاریس و واشنتنە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا چی دەڵێن! دەڵێن ئێمە رووداوەکانی زانکۆی بۆغازیچی سەرکۆنە دەکەین. من لێرەوە بە ئەمریکا دەڵێم: ئایا بەرامبەر ئەو کارانەی بەر لە هەڵبژاردن بە ناوی دیموکراسیەتەوە کردتان، هەست بەشەرم ناکەن؟ ماکرۆن لە یەکێتیی ئەوروپاوە دەنگ هەڵدەبڕێت! ماکرۆن تۆ جارێ کێشەی هێلەک زەردەکان چارەسەر بکە. لە وڵاتەکەی مندا کێشەیەکی وەها نییە. ئێمە ئارام و ئاسوودەین."
زیاتر لە مانگێکە گردبوونەوە و ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆی بۆغازئیچیی ئیستەنبووڵ دژی سەرۆکی نوێی زانکۆکە دەستی پێکردووە کە ئەندامێکی ئاکپارتییە و بە واژۆی سەرۆککۆماری تورکیا دامەزرێنراوە.
خوێندکاران و مامۆستایان بە درووشمی ''قەییوم قەبووڵ ناکەین'' لە ناڕەزایەتی بەردەوامن.
کۆمەڵە و گرووپەکانی هاوڕەگەزخوازان رۆڵی گرنگیان لە خۆپێشاندانەکاندا هەیە کە ئەمە وایکردووە بەرپرسانی ئاکپارتی و مەهەپە هێرشیان بکەنە سەر.
سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی نەشیاوەوە پۆستەکانیان لەلایەن تویتەرەوە لادرا. ئەوە بوو وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند کە ئیدی تویتەر جێدەهێڵێت و ئینستاگرام بەکاردەهێنێت.
سەرۆککۆماری تورکیا کە چەند جارێک خوێندکارانی ناڕازیی بە تیرۆریست ناو بردووە، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتیش جەهەپە و هەدەپەی تۆمەتبار کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆن لەنێو ئەم کارەدایە. هەروەها باڵەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن، هەدەپە، کە لە شاخەوە بە خێو دەکرێت لەنێو کارەکەدایە. بەداخەوە کە ئی پارتی بە هەمان شێوە لەگەڵیاندایە. ئەوانە ئێستا لە هەوڵی تێکدانی دۆخەکەدان، بەڵام سەرکەوتوو نابن و ناتوانن ئەمەش بکەنە رووداوەکانی گەزی."
رۆژ لەدوای رۆژ خۆپێشاندان و ناڕەزایی بۆغازیچی فراوانتر دەبێت و لە ئەنقەرە و چەند شارێکی دیکەش خوێندکارنی زانکۆ دەڕژێنە سەر شەقام و پۆلیس بە تووندی رووبەڕوویان دەبێتەوە، کە ئەمە ناڕەزایی وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
تێد رایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی ئەو خۆپێشاندانانە دەکەین کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە دژی دەستنیشان کردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ زانکۆی بۆغازئیچی بەڕێودەچن. ئێمە نیگەرانین لە دەستگیرکردنی خوێندکاران و خۆپێشاندەرانی دیکە و بە تووندییش سەرکۆنەی گوتەی دژ بە هاوڕەگەزخوازان دەکەین کە دەوری خۆپێشاندانەکانیان داوە."
بۆغازیچی ساڵی 1863 دامەزراوە و بەناوبانگترین زانکۆی تورکیایە و لە جیهانیشدا ناو و دەنگی هەیە. نزیکەی 17 هەزار خوێندکار و هەزار مامۆستای هەیە.
rudaw -
