کوڕێکی بەڕەچەڵەک سووری بە تۆمەتی پلاندانان بۆ جێەجێکردنی هێرش لە نەرویج دەستگیرکرا
ترۆند هوگوباکین، گوتەبێژی هەواڵگریی نەرویج رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە بە رەچەڵەک سوورییە ماوەی چەند ساڵێکە لە ئۆسلۆ دەژی و لە ماوەی رابردوودا دەستی بە ئامادەکاری کردبوو بۆ ئەوەی هێرشێک بکات.
گوتەبێژی هەواڵگریی نەرویج گوتی، "ئەو کەسە گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە پلانی جێبەجێکردنی هێرشی هەبووبێت. پلانەکە لەوە جیددیتر بووە کە بەشداری لە هەوڵی رێکخراوێکی تیرۆریستیدا بکات."
ئەمڕۆش دادگای ئۆسلۆ فەرمانی دا ئەو کەسە بۆ ماوەی دوو هەفتە بە دەستبەسەرکراوی بمێنێتەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی لە دادگا و بەبێ ئامادەبوونی رۆژنامەڤانان گوێ بۆ کەیسەکەی گیرا.
بەڵگەکانی دادگا پیشانی دەدەن کە ئەو کەسە "ماددەی مەترسیداری" پێبووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەو بارەوە بڵاونەکراوەتەوە کە پلانی هەبووە هێرشەکە لە چ شوێنێکی نەرویج بکات.
لە لایەن خۆیەوە ئەندرێ فێڤانگ، پارێزەری تۆمەتبارەکە رایگەیاند، "تۆمەتبارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بێتاوانە و داوای کردووە ئازاد بکرێت. تەمەنی هێندە نییە کە فەرمانی دەستبەسەرکردن بیگرێتەوە."
میدیاکانی نەرویج دەڵێن، ئەو گەنجە پاڵپشتیکارێکی داعشە و لە چوارچێوەی پلانی بەیەکگەیشتنەوەی ئەندامانی خێزانەکاندا گەیشتووەتە نەرویج.
هەروەها رۆژی هەینی 2021/02/05 پۆلیسی نەرویج ژنێکی 30 ساڵەی نەرویجیی بە رەچەڵەک پاکستانیی بە تاوانبار ناساند کە ساڵی 2020 لە کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێنرابووەوە.
بەتاوانبارناساندنی ئەو ژنە لەسەر ئەو بنچینەیە بوو کە ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستی بووە.
Rudaw -
