بایدن: دیپـلۆماسیەت بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگەڕێنینەوە

 بایدن: دیپـلۆماسیەت بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگەڕێنینەوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا وەک جارانی لێدێتەوە و کاری دیپـلۆماسی بۆ ناوەندی سیاسەتی دەرەوەی دەگەڕێتەوە و جارێکی دیکە لەگەڵ جیهاندا کاردەکات و هاوپەیمانێتیـیەکانی چاکدەکاتەوە.

جۆبایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانی سەردانێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی وتاری پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئەمریکا جارێکی دیکە دێتەوە ناو مەیدانی سیاسیەتی دەرەوە و رۆڵی ڕێبەرایەتی خۆی دەبینێتەوە و روبەڕوی پـرسەکان دەبێتەوە، لەوانە خواستەکانی چین بۆ رکابەریکردنی ئەمریکا، سوربونی روسیا لەسەر زیانگەیاندن بە دیموکراسیەتی ئەمریکا، هەروەها قەیرانە جیهانیـیەکان هەر لە پەتای کۆرۆناوە تا تێکچونی ژینگە و زیادبونی کێشەی ئەتۆمی".

دەبێت دیپـلۆماسیەتی ئەمریکا پشت ببەستێت بە بەها دیموکراسیـیەکانی ئەمریکا و داکۆکی لە ئازادیـیەکان و مافەکان و رێزگرتن لە سەروەری یاسا

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت دیپـلۆماسیەتی ئەمریکا پشت ببەستێت بە بەها دیموکراسیـیەکانی ئەمریکا و داکۆکی لە ئازادیـیەکان و مافەکان و رێزگرتن لە سەروەری یاسا و بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ هەمو کەسێکدا بکرێت.

لەم دو هەفتەیەی رابردو پەیوەندی بە ڕێبەرانی کەنەدا، مەکسیک، بریتانیا، ئەڵمانیا و فڕەنسا و ناتۆ و ژاپـۆن و کۆریای باشور و ئوسترالیا کردوە

بایدن لەبارەی پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا وتی، لەم دو هەفتەیەی رابردو پەیوەندی بە ڕێبەرانی کەنەدا، مەکسیک، بریتانیا، ئەڵمانیا و فڕەنسا و ناتۆ و ژاپـۆن و کۆریای باشور و ئوسترالیا کردوە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندیـیە پتەوەکانی جاران کە لەم چەند ساڵەی دوایی پشتگوێ خرابون.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو هاوپەیمانێتیانە مەزنترین شتی ئەمریکان، رێبەرایەتیکردن بە دیـپـلۆماسیەت مانای ئەوەیە جارێکی دیکە لەپاڵ هاوپەیمان و هاوبەشە سەرەکیـیەکانی ئەمەریکا ببنەوە، بەڵام وتیشی، "لەگەڵ نەیار و رکابەرەکانی ئەمریکاش مامەڵە دەکەن ئەگەربێت و لە بەرژەوەندی خەڵکی ئەمریکابێت، بۆیە ئەمریکا ڕازیبو لەگەڵ ڕوسیا پەیماننامەی ستارت بۆ 5 ساڵی دیکە درێژبکاتەوە".




خەندان
Top