سەرمایەی ملیاردێرە ئەمریکییەکان لە ماوەی کۆرۆنادا 1.1 تریلیۆن زیادیکردووە

سەرمایەی ملیاردێرە ئەمریکییەکان لە ماوەی کۆرۆنادا 1.1 تریلیۆن زیادیکردووە
لە کاتێکدا ملیۆنان کەس لە ئەمریکا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هەژار بوون، سەرمایەی ملیاردرێرەکانی ئەو وڵاتە زیادیکردووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە سیاسییەکانی ئەمریکی، تێکڕای سەرمایەی ئەو ملیاردێرانە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە رێژەی 40% زیادیکردووە، واتە سەرمایەی هەموویان پێکەوە نزیکەی یەک تریلیۆن و 100 ملیار دۆلار زیادیکردووە. ئەو ملیاردێرانە نەک تەنیا زیانەکانی وەرزی بەهاری ساڵی رابردوویان قەرەبووکردووەتەوە، بەڵکو بازرگانیی ژمارەیەکی زۆریان لە قۆناخی پێش دەرکەوتنی کۆرۆناش باشتر بووە.

سەرمایەی ئێلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس 155 ملیار دۆلار زیادیکردووە، ئەوەش بەهۆی بووژانەوەی بازاڕی تێسلا.

لە دوای 18ـی ئاداری 2020ـەوە، واتە دوای ناساندنی کۆرۆنا وەکو پەتایەکی جیهانی لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە 46 ملیۆنەری ئەمریکی بوونەتە ملیاردێر، بەڵام پەتای کۆرۆنا وایکردووە کە ئەو نایەکسانییە ئابوورییەی لەنێو ئەمریکادا هەیە، زەقتر بێتەوە.

دەوڵەمەندەکان، بە گوێرەی راپۆرتی پەیمانگە ئەمریکییەکە، دەوڵەمەندتربوون و هەژارەکانیش هەژارتر، کە زۆربەیان بەهۆی پەتاکەوە کارەکانیان لەدەستداوە.

لە ئەمریکا ئێستا 660 ملیاردێر هەن، کۆی گشتیی سامانی هەموویان دەگاتە 4 تریلیۆن و 100 ملیار دۆلار، واتە سامانەکەیان بە رێژەی دوو لەسەر سێ لە سامانی 50%ی دانیشتووانی ئەمریکا زیاترە.

بە گوێرەی ئامارێکی هاوبەشی زانکۆکانی شیکاگۆ، نۆتردام و ئەوانی دیکە، لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی 2020، 8 ملیۆن ئەمریکی کەوتوونەتە هەژارییەوە.

لە ماوەی مانگەکانی سەرەتای پەتای کۆرۆنادا، بەهۆی ئەو هاوکارییە داراییەی کە حکومەت بۆ هاووڵاتییەکانی دابینکرد، رێژەی هەژاری لە ئەمریکا دابەزی. بەڵام لە نیوەی دووەمی ساڵی 2020، هەژاری بە رێژەی 2.4٪ زیادیکرد.

پێکهاتەکان هەندێکیان لە هەندێکی دیکە زیاتر تووشی کێشە بوون. بە جۆرێک کە هەژاری لەنێو رەشپێستەکاندا ئێستا بە رێژەی %5.4 زیاتر بووە بەراورد بە حوزەیرانی ساڵی رابردوو، واتە 2 ملیۆن و 400 هەزار کەسیان کەوتوونەتە هەژارییەوە.

فلۆریدا، مسیسپی، ئەریزۆنا و کارۆلاینای باکوور لەنێو ئەو ویلایەتانەدان کە رێژەی هەژارییان تێدا زۆر بەرزبووەتەوە.
rudaw -
Top