ئاماری نوێی کۆرۆنا: 1150 کەسی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون

ئاماری نوێی کۆرۆنا: 1150 کەسی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ 50 هەزار و 683 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدران و دەرکەوت هەزار و 150 کەسی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون.

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای خستەڕوو و تێیدا هاتووە: "ئەمڕۆ هەزار و 90 تووشبووی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چاکبوونەوە، هەروەها 12 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا".

هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان 56 تووشبووی نوێ بە کۆرۆنا دەستنیشانکران، بەوەش تێکڕای ژمارەی تووشبووان تاوەکو ئێستا دەگاتە 106 هەزار و 343 تووشبوو، هاوکات 401 تووشبووی دیکە چاکبوونەوە، 3 تووشبووی دیکەی کۆرۆناش گیانیان لەدەستدا.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق دوێنێ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بەرەو زیادبوون دەچێت، لە کاتێکدا پێشتر رێژەی چاکبوونەوەی تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە گەیشتبووە 90%، هاوکات گیان لەدەستدانیش بەو ڤایرۆسە کەم ببوو".

وەزیری تەندروستیی عێراق هۆکاری دووبارە بەرزبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی دەگەڕێنێتەوە، هەروەها هۆشداری دەدات لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلێکی گەورەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە عێراق.

حەسەن تەمیمی ئاماژەشی بەوە کرد: "عێراق گرێبەستی واژۆ کردووە بۆ کڕینی سێ جۆر پێکوتە لە کۆمپانیاکانی فایزەر، ئەسترازینیکا و سینۆفارم، بۆیە لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێکوتەکان دەگەنە عێراق".

تاوەکو ئێستا 624 هەزار و 222 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 596 هەزار و 959 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتا ٪95.6ـی تێکڕای تووشبووان، هەروەها 14 هەزار و 172 تووشبووی کۆرۆنا هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 192 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێری چڕدان، 13 هەزار و 91 تووشبووی کۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.

rudaw -
Top