ڕاپۆرتێک بۆ کۆنگرێس: کشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان دەبێ دوا بخرێت
بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە نێوان ئەمریکا و گرووپی تاڵیباندا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لە کاتی سەرکۆماریی دۆنالد ترەمپدا واژۆ کراوە، لە بەرانبەر کۆتاییهاتن بە هێرشەکانی تاڵیبان و درێژەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی ئەفغانستان و کەمکردنەوەی توندتیژییەکان لەو وڵاتە، ئەمریکا بەرەبەرە هێزەکانی لەو وڵاتە کەم دەکاتەوە و هەتا کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ بە یەکجاری بکشێتەوە.
پاش هاتنە سەرکاری کابینەی بایدن، هاوکات ناتۆش داوای کردووە کەلە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەدا پەلە نەکرێت و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان پێداچوونەوەیان تێدا بکرێت.
لەو ڕاپۆرتە نوێیەدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا هۆشداری دراوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە هەلومەرجی ئێستا، لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەربڵاوی ناوخۆیی لەو وڵاتە و هەمیسان تاڵیبان و قاعیدە لەو وڵاتە بەهێز ببنەوە و ئەمەش ببێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتری ناوچەکە.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەش کراوە لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، وەک "سەرکەوتن"ێک بۆ تاڵیبان لەقەڵەم دەدرێت.
لە حاڵێکدا ساڵی ڕابردوودا چەندین گەڕی دانوستان لە نێوان گرووپی تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە نێوبژیوانیی ئەمریکا بەڕێوە چوون، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و شەڕ و پێکدادان و توندوتیژی و تەقینەوە لە وڵاتە ڕوو لە زایدبوونە.
جۆ بایدن سەرکۆماری ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە درێژە بە دانوستانی ئاشتی لە ئەفغانستان دەدەن و جارێکی دیکە زەلمای خەلیل زاد وەک نوێنەری ئەمریکا بۆ دانوستانی ئاشتی لەو وڵاتە دەستنیشان کرایەوە.
باسنيوز
