بایدن رێگرە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
سەرۆکی نوێی ئەمریکا رێگرە لە هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ماڵپەڕی (بزنس ئینسایدەر)ی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بیر لە دەست پێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەکاتەوە و ئیسرائیلیش داوای لێدەکات دانوستاندن و رێککەوتنی توندتر لەگەڵ ئێران بکات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئیدارەی جۆ بایدن بەهۆی بیرکردنەوەی لە دانوستاندن لەگەڵ ئێران، ”تاکە لەمپەرە“ لەبەردەم ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکی و سەربازییەکانی ئێران.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە ناو رێککەوتنی ناوکی و مەرجی توندتر بەسەر ئێران نەسەپێنێت، ئەوا ئیسرائیل ”بە تەنیا پەنا بۆ بژارەی هێرشکردنە سەر ئێران دەبات“.
شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
