ئەمریکا پەیماننامەیەک لەگەڵ روسیا درێژدەکاتەوە

 ئەمریکا پەیماننامەیەک لەگەڵ روسیا درێژدەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی پەیماننامەی (نیو ستارت)-ی بۆ پێنج ساڵ لەگەڵ روسیا درێژکردوەتەوە.

درێژکردنەوەی پەیماننامەی (نیو ستارت) دڵنیامان دەکاتەوە لە سنوردانان بۆ موشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکان و موشەکی کەشتییە ژێر دەریاییەکان

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "درێژکردنەوەی پەیماننامەی (نیو ستارت) دڵنیامان دەکاتەوە لە سنوردانان بۆ موشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکان و موشەکی کەشتییە ژێر دەریاییەکان و بۆمبە زەبەلاحەکانی روسیا تاوەکو 5ی شوباتی 2026".

وڵاتەکەی ئەو پێنج ساڵە وەکو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆئەوەی لەگەڵ روسیا کاربکەن بۆ سنووردارکردنی هەموو جۆرە چەکێک، لەنێویاندا چەکی ئەتۆمی

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتەکەی ئەو پێنج ساڵە وەکو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆئەوەی لەگەڵ روسیا کاربکەن بۆ سنووردارکردنی هەموو جۆرە چەکێک، لەنێویاندا چەکی ئەتۆمی.

ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا مانگی رابردو رایگەیاندبو هەوڵی درێژکردنەوەی پەیماننامەکە دەدات.

پەیماننامەکە لە نیسانی ساڵی 2010 لەنێوان باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا و دیمیتری مێدڤیدێڤ، سەرۆکی ئەوکاتەی روسیا لە پراگی پایتەختی چیک واژۆ کرا، لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی، رۆژی 5ی ئەم مانگە بەسەردەچو.

پەیماننامەکە ئەمریکا و روسیا ناچاردەکات کە هەریەکەیان لە هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمی زیاتر جێگیرنەکەن.





خەندان
Top