سوێد بێ پشکنینی نێگەتیڤی کۆرۆنا رێگە بە گەشتکردن نادات

سوێد بێ پشکنینی نێگەتیڤی کۆرۆنا رێگە بە گەشتکردن نادات
حکومەتی سوێد رایگەیاند کە هەموو ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، پێویستە پشکنینی نێگەتیڤی کۆرۆنایان پێبێت، بە مەرجێک پشکنینەکە لە 48 کاژێر زیاتر بەر لە بەڕێکەوتنیان ئەنجامنەدرابێت.

بڕیارەکە دوای راسپاردەیەکی هەفتەی رابردووی ئاژانسی تەندروستیی ئەو وڵاتە هات و ئامانج لێی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنای گۆڕاوە.

ستێفان لۆڤن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لە رۆژی شەممە 6ی شووباتەوە، ئەو خەڵکە بیانیانەی کە دەیانەوێت بێنە نێو سوێدەوە، دەبێت پشکنینی نێگەتیڤی کۆرۆنایان پێبێت. بێ ئەوە، ناتوانن بێنە نێو وڵاتەوە".

حکومەتی ئەو وڵاتە روونیکردووەتەوە کە رێکارە نوێیەکان ئەو کەسانەی کە بە مەبەستی کارکردن گەشت دەکەن و ئەو خەڵکە بیانیانەشی کە هەڵگری وڵاتینامەی سوێدین، ناگرێتەوە.

ئەم جۆرە رێکارانە هەر لە پێش بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی سوێدیش لەسەر ئەو کەسانە جێبەجێ دەکرا کە لە بەریتانیا، دانیمارک، نەرویج و هەموو وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاوە سەردانی سوێدیان دەکرد.

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەگشتی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە سوێد رووی لە کەمی کردووە، بەڵام تووشبووانی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا کە لە بەریتانیا دۆزراوەتەوە، زیادیکردووە.

لە سوێد تاوەکو ئێستا نزیکەی 581 هەزار تووشبوو تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 11 هەزار و 939 کەس گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top